سەردێر

ئەمریكا هێزەكانی 70 و 80 یەكدەخاتەوە

خەڵك-

بە سەرپەرشتی تیمی هاوپەیمانان، كۆبوونەوەی بەرفراوانی وزارەتی پێشمەرگە و یەكەی (٧٠ و٨٠) بەڕێوەچوو، بڕیاریش درا بۆ یەكخستنەوەی ئەو هێزانە و هەروەها دروستكردنی فرقە بۆ سەركردایەتی و كۆنتڕۆڵكردن لەناو هێزەكانی پێشمەرگە.

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٩ حوزەیرانی ٢٠٢٢ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی فەریق ڕوكن عیسا عوزێر، سەرۆكی ئەركان و لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی و د.نجات عەلی، فەرماندەی یەكەی ٨٠ و مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەكەی ٧٠ و بە بەشداری گروپی ڕاوێژكارانی هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی (MNAG) كۆبۆوە.

ڕاشیگەیاندووە، كۆبونەوەكە لەئەنجامی ئەو هەوڵە گشتگیرانە بوو، كە لەرابردوودا لەژێر رۆشنایی پرۆژە یاسای چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەری كۆكبوون، كەبەمەبەست لێی ڕیفۆرمی سەربازی و نوێكردنەوە و یەكخستنی هێزە جیاوازەكانی پێشمەرگە بوو بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

جەختیشی كردۆتەوە، لەو كۆبونەوەیەدا بۆ بەهێز كردنی سەركردایەتی و كۆنتڕۆڵ لەناو هێزی پێشمەرگە، دروستكردنی فرقە و شێوازی دروستكردنی،میكانیزمەكانی دروست كردن، گفتوگۆی ورد و چڕی لەبارەیەوە كرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو فەرماندەی یەكەكانی ۷۰ و ٨۰، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە بە زووترین كات دەست بكرێت بە هەنگاوەكانی دروستكردنی فرقە بۆ ئەوەی ببێتە میكانیزمێكی باش بۆ سەركردایەتی و كۆنتڕۆڵكردنی لەناو هێزەكانی پێشمەرگە، هاوكات دووپاتیان لە گرنگی و كاریگەری پڕۆسەی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە كردەوە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە”.