سەردێر

چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە پارتی و سوننە ئاشكرا دەكات

خەڵك-
سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەڵوێستی هاوپەیمانییەكەی بەرامبەر بەوانە ئاشكرا دەكات كە پێشتر هاوپەیمانی سەدر بوون “پارتی و سوننە”.

عارف حەمامی، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”چوارچێوەی هەماهەنگی دژ بە سیاسەتی دوورخستنەوە و پەڕاوێزخستنی لایەنە سیاسییەكانە، و لەگەڵ بەشداریی هەموو هێزە سیاسییەكاندايە لە حكومەتی داهاتوو، هەر لەسەر ئەم ڕێڕەوەش كاریی كردووە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو، بەر لەوەی ڕەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی پاشەكشە بكات”.

بە وتەی حەمامی”چوارچێوەی هەماهەنگی نایەوێت هیچ لایەنێكی سیاسی دووربخاتەوە یان پەڕاوێزی بخات، بەڵكو كاردەكات بۆ كردنەوەی دەرگای گفتووگۆ و دانوستان لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكان بەمەمەبەستی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بەبێ‌ گیروگرفت”.

لە هەندێك لە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە كە گوایە، چوارچێوەی هەماهەنگی لەماوە داهاتوودا كار دەكات بۆ دوورخستنەوە و پەڕاوێزخستنی لایەنەكانی نێو هاوپەیمانی “ڕزگاركردنی نیشتمان” لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.