خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 2628 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 675 كەسیش چاكبوونەتەوە، دوو حاڵەتی گیان لەدەستدانیش بەهۆی پەتاكەوە تۆماركرا.
بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 10 هەزار و 46 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 2628 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی زۆر زیاتری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو دادەنرێت”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆربەی تووشبووەكان لە بەغدا و هەولێر و واست تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 1350 و لە هەولێر 218 و لە واست 175 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 675 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و هەولێر و دیالە بوون، دوو حاڵەتی گیان لەدەستدانیش لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا بە پەتاكە تۆماركرا.