سەردێر

حكومەتی هەرێم: دەرگای گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا دانەخراوە

خەڵك-
سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم دەرگای گفتووگۆی لەگەڵ بەغدا دانەخستووە و هەر كاتێك بەغدا وادەيەك دیاریی بكات، ئامادەی گفتووگۆن.

ئەمڕۆ چوار شەممە، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:” سەرۆكی حكومەت لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە كردەوە، وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەمانی راسپارد، دەبێت دەستبەجێ چەكی بێ مۆڵەت قەدەغە بكرێت و نابێت هیچ كەس لە رێگەی ئەو بۆشاییەی هەیە، ئاسایشی خەڵك تێكبدات.
بە وتەی ئومێد سەباح :” لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دوایین پێشهاتەكان و ئەو هێرشانەی كرانە سەر كێڵگەی كۆرمۆر و دانەگاز، تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بووە و لەوێ بە وردی باس لە پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناردنی هێزێكی وەزارتی پێشمەرگە كرا”.

لەبارەی دانوستانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیش، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند:” دەرگای گفتوگۆ دانەخراوە و هەر كاتێك بەغدا وادەیەكی دیاریكرد، حكومەتی هەرێمی ئامادەیەی دانووستانە”.