سەردێر

پەتای كۆلێرا لە سلێمانی كۆنتڕۆڵ كرا

خەڵك-
پارێزگاری سلێمانی كۆنتڕۆڵ كردنی پەتای كۆلێرا لە سنووری ارێزگاكە ڕادەگەیەنێت و داواش لە حكومەتی عێراق دەكات، هاوكارییان بكات لە چارەسەری وشكەساڵی و دابین كردنی خزمەتگوزارییەكان.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پارێزگای سلێمانی، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا بەئامادەبوونی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی، پێشوازیکرد لە د.ڕەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی و د.ئەحمەد ئەبوبەکر، بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لە عێراق و د.وائیل هەتاهیت، بەرپرسی تیمی ئیمێرجنسی لە عێراق و د.نەجمەدین حەسەن، نوێنەری WHO لە پارێزگای سلێمانی.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، شاندەكە سوپاسی پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرایان كردووە بۆ هەوڵە کانیان بۆ سنوردارکردن و کۆنتڕۆڵکردنی پەتای کۆلێرا و دەربڕینی پشتیوانی بەردەوامیی خۆیان سەردانیان کردبوو.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لە هۆکار و چارەسەر و ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە پەتای کۆلێرا کرا و پارێزگاری سلێمانی نوێنەری WHOی عێراقی ڕاسپارد بە گەیاندنی پەیامی پارێزگای سلێمانی بە حکومەتی ئیتحادی بە مەبەستی پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی لە چارەسەرکردنی وشکەساڵی و دابینکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی لە بواری ئاوی پاکدا، لەڕێی تەرخانکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانەوە بۆ کۆتایی پێهێنان بەم نەخۆشیی و مەترسیانەی هەڕەشە لە تەندروستیی گشتی و ئاسایشی تەندروستیی عێراق و ناوچەکەش دەکەن.

لای خۆشیەوە، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، کە بە هۆیی پابەندیی هاوڵاتیان و بەهەوڵی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی و کەرتی تەندروستیی و ئاوی پارێزگاکە و پشتیوانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانی تەندروستی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی و WHO، ژمارەی تووشبوان ڕوو لە کەمبوونەوەیە و پەتاکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.

وتیشی، “بە هەستیاری تەواوەوە پێویستە هاووڵاتیان بەردەوامبن لەسەر خۆپارێزی بۆ ئەوەی لە مانگەکانی داهاتوودا سەرهەڵنەداتەوە”.