سەردێر

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران تاووتوێی گووشارەكانی بەغدا دەكات

خەڵك-

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجام دەدا و لە كۆبوونەوەكەدا چەند بابەتێك دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ.

فەرمانگەی مێدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەم بابەتانە دەخرێنەڕوو، خستنەڕووی بابەتی چەندبارەبوونەوەی هێرشەكان بۆ سەر خەڵك و ژێرخانی كوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا و گرنگیی پێكهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی و ڕێكارەكانی هەردوو وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامەزراوەكانی نەوت و گاز.

خستنەڕووی بابەتی گوشاری بەردەوامی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ وەبەرهێنەرانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان لە پێناوی پەكخستنی پڕۆژەكانی گەشەپێدانی سەرچاوەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان كە ئەمەش بە ئاشكرا پێشێلكردنی دەسەڵاتی دەستووریی هەرێمی كوردستانە.

خستنەڕووی بابەتی پڕۆژە بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢.