سەردێر

یەكپۆشی جلوبەرگی پێشمەرگە پەیڕەو دەكرێت

خەڵك-
بۆردی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و گروپی ڕاوێژكارانی سەربازی هێزەكانی هاوپەیمانان كۆبوونەوە و بڕیارە یەكپۆشی لە جلوبەرگی پێشمەرگە پەیڕەو بكرێت و پڕۆژەی پزیشكی پێشمەرگە دەستپێبكات.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی سێ شەممە رێكەوتی ۲۸ی حوزەیرانی ۲٠۲۲، بە ئامادەبوونی لیوا ڕوكن هۆشمەند ڕەشید، جێگری سەۆكی ئەركان بۆ ئیدارە و میرە، لیوا ڕوكن كارزان مەولود، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ مەشق و ئۆپەراسیۆنەكان بە وەكالەت، عەمیدی ئەندازیار نەبەز سەلاح، بەڕێوەبەری چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەندامانی بۆردی چاكسازی، كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ بۆردی چاكسازی و گروپی ڕاوێژكارانی سەربازی هێزەكانی هاوپەیمانان، ئەنجام دا.

ئاماژە بەوەكراوە ژمارەیەك پڕۆژەی ستراتیجی، پەیوەست بە پڕۆسەی چاكسازی هێزەكانی پێشمەرگە تاوتوێ كران، لەوانە (پڕۆژەی یەك پۆشی پێشمەرگە و پێداویستیەكانی پێشمەرگە لەڕووی جل و بەرگەوە، پڕۆژەی لۆجستی و بنكەكانی لۆجستی وەزارەت، كە بەم زووانە دەست بەكاردەبن، پرۆژەی پزیشكی وەزارەت)، هەروەها ژمارەیەك پلانی كورت مەودا و ناوەند و درێژ مەودا پەیوەست بە پڕۆژەكانی چاكسازی وەزارەت خرانە بەرباس.

جەختیشی كردۆتەوە، گفتوگۆیان كرد، لەبارەی كاراتر كردنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گرێبەستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە.

هەرلەكۆبوونەوەكەدا، چەند بابەتێك باس كران، كە پەیوەستن بە بەهێزتركردن و تۆكمەتر كردنی جموجوڵی هێزەكانی پێشمەرگە و پلانی چاكسازی پێویست لەو ڕووەوە.