خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 2212 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 594 كەسیش چاكبوونەتەوە، 4 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش بەهۆی پەتاكەوە تۆماركران.
بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 10 هەزار و 594 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 2212 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی زۆر زیاتری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو دادەنرێت”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆربەی تووشبووەكان لە بەغدا و هەولێر و بەسرە تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 884 و لە هەولێر 270 و لە بەسرە 142 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 594 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و دیالە و هەولێر بوون، 4 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا بە پەتاكە تۆماركران.