سەردێر

فەرماندەیی بارزان لەسەر كوشتنی دوو مامۆستاكەی هەولێر ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-
ئەمڕۆ دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین بە دەستڕێژی گوللەی خوێندكارێك كوژران و فەرماندەیی بارزان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایدەگەیەنێت، كە باوكی ئەو خوێندكارە تۆمەتبارە هیچ پلە و پۆستێكی نییە لە فەرماندەییەكەیان.

دوای ڕووداوی كوژرانی دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین، لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە باوكی تۆمەتبارەكە فەرماندەی سەربازییە لە فەرماندەیی لەشكری پێشمەرگەی بارزان، بەڵام فەرماندەییەكە ئەوە ڕەدەكاتەوە.

فەرماندەیی بارزان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ڕووداوەكەی ئەمڕۆی زانكۆی سەڵاحەدین لەھەندێ دەزگای ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان وا بڵاوكراوەیەوە، گوایە باوكی تۆمەتبار فەرماندەیە لە فەرماندەیی بارزان، لێرەوە ڕایدەگەیەنین باوكی تۆمەتبار ھیچ پلە و پۆستێكی سەربازی لە فەرماندەیی بارزان نیە و ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە دوورن لە ڕاستییەوە.

ڕاشیگەیاندووە، ھەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە باوكی تۆمەتبار ھیچ پلە و پۆستێن سەربازی نیە و زراندنی ناوی فەرماندەیی بارزان لەلایەن ھەندێ دەزگای ڕاگەیاندن بە مەبەست بووە.

لە ڕووداوەكەی ئەمڕۆی زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر دوو مامۆستا بە ناوی (د.كاوان ئیسماعیل، ڕاگری كۆلێژی یاسا) و (د.ئیدریس عیزەت، مامۆستای كۆلێژی ئەندازیاری) كوژران.

د. نیشتمان، هاوژینی د. ئیدریس باس لە وردەكاری ڕووداوەكە دەكات و دەڵێت: “کێشەکەیان لەگەڵ ئەو خوێندکارە لە جۆری پرسیاری تاقیکردنەوەوە دەستیپێکردووە”.

د. نیشتمان لەبارەی ڕووداوەکەوە دەڵیت: لە ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی ئەوەی خوێندکارەکە لە تاقیکردنەوەیەکدا وتی پرسیارەکان زۆر قورسە و منیش وتم نا وەڵام بدەرەوە، ئەو لەبەرچاوی چەند مامۆستایەکی دیکەشدا سووکایەتیەکی زۆری پێکردم، بەڵام دواتر لەبەر باوکی لێی خۆشبووم، بەڵام ئەو هەر وازی لێنەهێنام”.

د. نیشتمان وتیشی، “باوکی تاوانبارەکە لەبەردەم دادوەر پێی وتم کە (نیشتمان) ئەمەت بەسەرەوە ناچێت، من برایەکم کوژراوە، با منیش بکوژرێمەوە، بۆیە ئەم ڕووداوە پلان بۆداندراو بووە”.