سەردێر

زیلینسكی داوا دەكات ڕوسیا بخرێتە لیستی تیرۆرەوە

خەڵك-
ڤۆڵۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا، داوا دەكات ڕوسیا وەك “دەوڵەتێكی داڵدەدری تیرۆر” پۆلێن بكرێت.

زیلینسكی لە وتارێكیدا كە لەڕێی تیلیگرامەوە بڵاوكرایەوە ڕایگەیاند”تەنیا تیرۆریستان، ئەو شێتانەی كە نابێت لەسەر گۆی زەوی جێگەیان بكرێتەوە، دەتوانن مووشەك ئاراستەی ئامانجە مەدەنییەكان بكەن”.

بە وتەی سەرۆكی ئۆكراینا”ئەمە تەنیا هەر هێرشێكی مووشەكی نەبوو كە بە هەڵە باخچەی مناڵان و خوێندنگەكان و مۆڵەكان و جێنیشتەجێی هاووڵاتیانی پێكا، بگرە چەندان هێرشی تری لەو جۆرە ڕوویداوە”.

دوێنێ‌ دوو شەممە، سەرۆكی ئۆكراینا، هێرشێكی مۆسكۆی مەحكوم كرد كە مۆڵێكی بازرگانی لە شاری كریمنچۆك كردە ئامانج لە ناوەڕاستی وڵاتەكە، هێرشەكەشی وەك كارێكی تیرۆریستی لەقەڵەمدا.

لێدوانەكەی زیلینكسی لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەكان بوون سەبارەت بە دوو هێرشی تر لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا كە كوژرانی لانی كەم 12 كەسی لێكەوتەوە، بەرپرسانی ئۆكرایناش مۆسكۆیان بەوە تۆمەتبار كرد كە بە ئەنقەست مەدەنییەكان بۆردومان دەكات.