سەردێر

ئەمریكا پێشنیارێكی نوێ‌ بە بارزانی و تاڵەبانی دەدات

خەڵك-

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتییە و سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی هاوپەیمانان لە عیراق و سووریا كۆبوونەوە‏.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ‏فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ‌پێشوازیان لە جەنەراڵ جۆن برێنان، ‏فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق و سووریا و شاندێكی باڵای سەربازی یاوەری كرد.‏

ئاشكراشی كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا پڕۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دوایین هەنگاوەكانی ‏یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و گرفتەكانی بەردەم پڕۆسەكه و پێشنیارێكی ئەمریكییەكان ‏لەمبارەیەوە‌ تاوتوێ كران.‏

بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیشیکردەوە، پەرۆشیتان بۆ یەکخستنەوە و چاکسازیکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە مایەی دەستخۆشییە و سوپاسگوزارین.

راشیگەیاند، ھەر پلانێک بۆ رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بنرێت پێشوازی لێدەکەین، بەڵام پێویستە لەم ھەنگاوەدا ھەلومەرجی ھەرێم و واقیعی ئەمڕۆ لەبەرچاوبگیرێت و ھاوسەنگی بنەمابێت بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە نیشتمانییە و بە بەرنامەی کوردستانی بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە و ھەر ھەنگاوێکیش بنرێت دەبێت لە خزمەتی پاراستنی ئاسایشی ھەرێم بێت.

لای خۆشیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان ‏دووپاتكرده‌وه‌ بۆ ئه‌و پشتگیری و هاوكارییه‌ی له‌ كاتی شه‌ڕی دژی داعشدا و ئێستاش ‏پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ی ده‌كه‌ن و جه‌ختی له‌ پشتگیریی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و ‏حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و ‏یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ برێنان دووپاتی كرده‌وه،‌ كه‌ ئه‌مر‌یكا له‌ پشتگیری و یارمه‌تیدانی ‏پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژێر چه‌تری وه‌زارە‌تی پێشمه‌رگه‌ و یه‌ك فه‌رمانده‌ییدا ‏كۆبكرێته‌وه‌ و بكرێته‌ هێزێكی نیشتمانیی پیشه‌گه‌ر، كه‌ به‌هێز و بە توانا بێت و بتوانێت ئه‌ركی خۆی ‏جێبه‌جێ بكات.