سەردێر

زانكۆی سەڵاحەدین روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

خەڵك-

سەرۆكایەتی زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند،
بەداخەوە ئەمڕۆ ڕێككەوتی ۲۸ ی ٦ ی ۲٠۲۲ كاتژمێر ۸:۱٥ دەقیقەی بەیانی، قوتابییەكی زانكۆی سۆران هەڵدەكوتێتە سەر ئۆفیسی ڕاگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر و دەێی نوێی زانكۆ، كە ماڵی مامۆستایانی زانكۆی سەلاحەدینی لێیە.

سەرۆكایەتی زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر راشیگەیاند، ئەمەش لە ئەنجامی پێشینەی مامەڵەیەكی نەقلكردنی بەر لە( ۲ – دووساڵ )بووە، ئەمڕۆ هەمان قوتابی هەڵیكوتایە سەر ‌ ئۆفیسی ( پڕۆفیسۆر د.كاوان ئیسماعیل –ڕاگری كۆلێژی یاسا) و ماڵی ( پ.ی.د. ئیدریس حەمە خان- مامۆستا لە كۆلێژی ئەندازیاری) لە ئەنجامدا هەردووكیان شەهید دەكات و لەگەڵ ئەوەشدا كارگوزارێكی كۆلێژی یاسا بریندار دەكات.

دەشڵێت: وێڕای سەرەخۆشی لە خانەوادەی مامۆستایانی شەهید، هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكەش دەخوازین. دڵنیاتان دەكەینەوە، پڕۆسەی خوێندن بەردوام دەبێت و گیانی مامۆستایانمان پارێزراوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم دەزگا ئەمنییەكان خەریكی لێكۆڵینەوەی ووردن لەم ڕووداوە كارەساتبارە بۆئەوەی تاوانبار بە سزای یاسایی بگەیەندرێت.