سەردێر

بكوژی دوو مامۆستاكەی زانكۆ دەستگیركرا

خەڵك-

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی ئەو خوێندكارەی راگەیاند كە دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدینی كوشت.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند “بكوژی د. كاوان ئیسماعیل، راگری كۆلیژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین و د. ئیدریس حەمەخان، مامۆستای كۆلیژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین دەستگیركرا”.

راشیگەیاند، ئەو خوێندكارە كە ناوی “”أ. م. ق” لە زانكۆی سۆران لە بەشی یاسا خوێندوویەتی بەهۆی هەبوونی كێشە لەگەڵ مامۆستایەكی بەشەكەی هەوڵی گواستنەوەی دراوە بۆ زانكۆی سەڵاحەدین، بەڵام راگری كۆلیژی یاسا كە “د. كاوان ئیسماعیل”ە قبووڵی نەكردووە و ئەویش چەندینجار هەڕەشەی لێ كردووە، دواتر د. كاوان سكاڵای تۆماركردووە و ئەمڕۆ بڕیاربووە دانیشتنی دادگە بۆ ئەو بابەتە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لە دوو پەلاماردا خوێندكارەكە هاوسەری مامۆستا ژنەكەی بە ناوی “د. ئیدریس حەمەخان” كە لە زانكۆی سۆران كێشەی لەگەڵی هەبووە لە ماڵەكەی خۆیدا دەكوژێت، دواتریش دەسڕێژ لە د. كاوان دەكات لەئەنجامدا خۆی و پاسەوانێكی برینداردەبن، دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە د. كاوان بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانلەدەستدەدات.