سەردێر

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان: هەڵبژاردن لە 1ی 10 زەحمەتە

خەڵك-

هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت” ڕۆژ بەڕۆژ دەرفەت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 1-10 زۆر قورس و زەحمەت دەبێت، زەحمەتە لە 1-10 ئەو هەڵبژاردنە بكرێت”.

دەربارەی بودجەی پێشبینی كراو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت ” ئەگەر بگەڕێینەوە سەر هەڵبژاردنەكانی تر بە نزیكەی 25 ملیۆن دۆلار وەك بودجەی خەمڵێنراو پێویستە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەرچەندە لەوانە نییە هەمووی خەرج بكرێت، چونكە پشت دەبەستێت بەوەی ئایا تەكنەلۆژیای نوێ بەكاردێت و ئامێری نوێ دەكڕدرێت؟ گرنگ ئەوەیە نزیكەی هەتا 25 ملیۆن دۆلار دەبێت بەگەڕانەوە بۆسەر ئەو هەڵبژاردنانەی پێشووتر.

وتیشی” ئەوە وەكو باسمكرد مەزەندە كراوە لەوانەیە زۆر كەمتر سەرف بكرێت، ئێمە لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو نزیكەی 12-13 ملیۆن دۆلارمان سەرف كرد، بەڵام ئەمجارە ئەگەر ئەنجوومەنی نوێ هات هەندێك تەكنەلۆژیا بكڕێت وەكو ئامێرەكان یان هەرشتێكی تر لەوانەیە ئەو بودجەیە زیاد بكات. ”