سەردێر

چاوپێكەوتنی كەناڵی سوێد لەگەڵ موسلیم ئەنقەرە نیگەران دەكات

خەڵك-

ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا رەخنەی لە كەناڵی دەوڵەتی سوێد گرت بەهۆكاری ئەوەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی گشتی پەیەدەدا ئەنجامداوە.

ئیبراهیم كاڵن لە لێدوانێكدا رەخنەی لە كەناڵی فەڕمی دەوڵەتی سوێد گرت و رایگەیاند لە كەناڵی دەوڵەتی سوێددا چاوپێكەوتن لەگەڵ ساڵح موسلیمدا بڵاوكراوەتەوە.

كاڵن رایگەیاند، دەبێت هەڵوێستی روون بەرامبەر پەكەكە و پەیەدە و یەپەگە نیشان بدەن.

كاڵن بۆ كەناڵی فەڕمی وڵاتەكەی هەڵسەنگاندنی بۆ ئەگەری ئەندامبوونی سوێد و فێنلاند و ئەگەری هێرشی سەر رۆژئاوای كوردستان كرد.

ناوبراو رایگەیاند لەسەر ئاستی باڵا كۆبوونەوە لەنێوان توركیا و سوێد و فێنلاند دەكرێت و دەبێت ئەو دەوڵەتانە لە دژی یەپەگە ببنە خاوەن هەڵوێست.

بەهۆی پشتیوانییەكانی سوێد و فێنلاند بۆ رۆژئاوای كوردستان، توركیا ڤیتۆی ئەندامبوونی ئەم دوو دەوڵەتەی لە هاوپەیمانی ناتۆ كردووە، لەو چوارچێوەیەدا گفتووگۆكان بەردەوامن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەبارەی ئەگەری هێرشی سەر رۆژئاوا رایگەیاند ئێمە لە ماوەی ساڵانی رابردوو سێ ئۆپەراسیۆنی گەورەمان لە باكووری سووریا كردووە، هەر كاتێك هەڕەشە لەسەر سنوور هەبێت، رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر، بەڵام ئێمە دەست بۆ یەكپارچەیی خاكی سووریا نابەین.