سەردێر

سالار مەحمود ؛ بەئامانج گرتنی هەولێر و كۆرمۆری گەرمیان یەك ئەجندایە

خەڵك –
چاودێرێكی سیاسی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ، عیراق نابێتە دەوڵەتێكی مەدەنی و حوكمڕانیەكەی هەرگیز نابێتە دیموكراسی و بەئامانجگرتنی هەولێر و كۆرمۆری گەرمیان یەك ئەجندایە، دەشڵێت،”دۆخی عیراق پێش كشانەوەی سەدر خراپ بوو، دوای كشانەوەیان خراپتر بووە”.
سالار مەحمود ، ئەندامی پێشووی پەڕلەمانی عیراق بڵاویكردەوە ، داخوازی ئێستای كورد لە بەغدا هەمان داخوازی پێش ١٢ ساڵە ، بۆیە باشترە كورد جەخت بكاتەوە لەرێكەوتن لەسەر بەرنامەی حكومەتی ئایندەی عیراق نەك پۆست .

ڕاشیگەیاندووە، پارتی باشترە یا دەستبەرداری پۆستی سەرۆككۆمار بێ یان بەمیكانیزمی ٢٠١٨ بچێتە ھەڵبژاردنەوە، چونكە بە رێكەوتنی سێ قۆڵی زیانی سیاسی كرد و شكستی ھاوپەیمانیەكەش داخوازیە حزبیەكانی لاوازتر كردووە، دۆخی عیراق پێش كشانەوەی سەدر خراپ بوو، دوای كشانەوەیان خراپتر بووە.

باسی لەوەشكردووە، كە حەلبوسی دەیەوێت پارتی بەكاربهێنێ بۆ مانەوەی خۆی وەك سەرۆك پەرلەمان، بۆیە خەڵكی كوردستان پشتیوانی وەفدی ھەرێم بۆ بەغدا ناكات، ئەگەر بۆ پرسی گوزەران و ژیان و نیشتمان نەبێت.
سالار مەحمود جەختی كردەوە، هەموویان تاقیكراونەتەوە كە یەك دیدگایان ھەیە بەرامبەر ھەرێمی كوردستان و میكانیزمی چارەسەری كێشەكانی ، وەك حزب یەكێتی لەبەغدا پێگەی بەھێزترە لە پارتی، بەڵام بەگشتی كورد پێگەی لاوازە لەبەرامبەر لایەنەكانی تر و كورد لە شیعە و سونە زیاتر پەرتبووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە رووداوەكان سەلماندیان عیراق نابێتە دەوڵەتێكی مەدەنی و حوكمڕانیەكەی ھەرگیز نابێتە دیموكراسی و ژینگەی سیاسی عیراق رێز لەمافی گەلی كورد ناگرێت و كورد ناچارە خۆی ببەستێتەوە بە بەغداوە و لەئاستی ناوەوە و دەرەوەش پێگەی بەغدا لە ھەرێم زۆر بەھێزترە.