سەردێر

پاڵێوگەیەكی دیكەی بەنزین لە هەرێم دەكەوێتەكار

خەڵك-

سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی ھەولێر ڕایگەیاند، ئەم ھەفتەیە پاڵاوگەیەكی نوێی بەرھەمھێنانی بەنزین لە ھەرێمی كوردستان دەكەوێتە كار، كە توانای بەرھەمھێنانی ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار لیتر بەنزینی ھەیە، بەمەش كێشەی بەنزین بە تەواوی چارەسەر دەبێت.

جەنگی مەجید، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی ھەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، پاڵاوگەیەكی نوێی بەرھەمھێنانی بەنزین لە ھەرێمی كوردستان بە ناوی “لاناس” دەكرێتەوە، كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نەوتی خامی بۆ دابین دەكات و پاڵاوگەكە خۆیشی ئەھلییە و توانای بەرھەمھێنانی ڕۆژانە ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار لیتر بەنزینی هەیە، بۆیە ئەم ھەفتەیە ئەو پاڵاوگەیە دەكەوێتە كار، كە بەنزینەكەی كوالیتی زۆر باش دەبێت.

وتیشی، “وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بڕیار دەدات، كە بە چی شێوەیەك ئەو بەنزینەی كە بەرھەم دێت، دابەش بكرێت و چۆن بەكاربھێندرێت، بۆیە بە بەرھەمھێنانی ئەو بەنزینە، چیتر كێشەی بەنزین نامێنێت”.

ئاشكراشی كرد، ھەرێمی كوردستان پێویستی بە ٥ ملیۆن لیتر ھەیە و ئێستا ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر بەنزین دابین دەكرێت، بەهۆی ئەو بەنزینەی ئەو پاڵێوگە نوێیە بەرهەمی دەهێنێت ئیدی كێشەی كەمی بەنزین نامێنێت.

باسی لەوەشكرد، “بەنزینی ٨٠٠ دیناری كە گلەیی خراپیی كوالیتی لێ دەكرێت، ئێمە ھەموو پشكنینێكمان بۆ كردووە بێ كێشەیە لە ڕووی پشكنین، بەڵام ئەو بەنزینە وای كردووە نۆرەگرتن كەم بێتەوە و ئێستاش ئەگەر سەرە ھەبێت، لە ٦٩٠ دیناری ھەیە، ئەگەر نا ئەوەی دیكە كەمە”.