سەردێر

وەرگرتنی خوێندكارانی 1ی بنەڕەتی دەستپێدەكات

خوێندنگەكان بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە 1ی بنەڕەتی دەكرێنەوە

خەڵك-
دوابەدوای بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم بۆ دیاری كردنی كاتی وەرگرتنی خوێندكارانی 1ی بنەڕەتی، دەرگای خوێندنگەكان بەڕووی دایكان و باوكان بۆ تۆماركردنی منداڵەكانیان دەكرێنەوە و بۆ ئەمساڵی خوێندن لەدایكبووانی ساڵی 2016 بەتەواوی وەردەگیرێن.

بەپێی ساڵنامەی خوێندن، كە وەزارەتی پەروەردە دەریكردووە، لە 26ی حوزەیرانەوە و بۆ ماوەی مانگێك دەست بە پڕۆسەی تۆماركردنی ناوی منداڵان لە پۆلی 1ی بنەڕەتی دەكرێت بەپێی كارتی نیشتەجێبوون و سنووری خوێندنگەكان.

بەڕێوەبەری خوێندنگەیەك لە شاری هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی ساڵنامەی خوێندن لە ڕۆژی یەك شەممەوە 26-6-2022 دەست دەكەن بە ناونووسینی خوێندكاران بۆ پۆلی 1ی بنەڕەتی و پڕۆسەكە بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت تاوەكو 26-7-2022، ئیتر دوای ئەو بەروارە هیچ منداڵێك مافی وەرگرتنی نامێنێت.

ڕاشیگەیاند، پێویستە دایكان و باوكان لەكاتی سەردانی خوێندنگەكان بۆ تۆماركردنی ناوی منداڵەكانیان پێداویستییەكانی وەكو (پێناسی باری شارستانی منداڵ لەگەڵ كۆپییەكەی و پێناسی باری شارستانی (یان كارتی نیشتمانی)ی باوكی منداڵەكە لەگەڵ كۆپییەكەی و 4 وێنەی ڕەنگاوڕەنگی منداڵەكە لەگەڵ فۆڕمی خۆراك و كارتی زانیاری) لەگەڵ خۆیان بهێنن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر منداڵێك دەرچووی باخچەی ساوایان بوو، بڕوانامەی باخچەكەش بهێنرێت بۆ كاتی ناو تۆماركردن.

لای خۆشیەوە، گێلاس محەمەد، بەڕێوەبەری خوێندنگەی ئاسۆی شەهیدان لە سلێمانی لە ئاگادارییەكدا بڵاویكردۆتەوە، هەموو ڕۆژانی یەک شەممە و چوار شەممە لەکاتژمێر (30 : 8 تا 30 :11) لە بەرواری (26- 6 تاوەكو 26-7-202) دەوامی خوێندنگاكەیان هەیە بۆ وەرگرتنی خوێندكارانی پۆلی یەکەم.

ڕاشیگەیاندووە، بۆ ئەمساڵی خوێندن لەدایكبووانی 1-1-2016 تاوەكو 31-12-2016 لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی وەردەگیرێن.