سەردێر

كەیسی كوژرانی پەنابەرانی عێراقی لەلایەن هێزەكانی پۆڵەنداوە یەكلایی كرایەوە

خەڵك-
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، چەندین رێكاریان بەرامبەر دۆسییەی كوشتنی پەنابەرانی عێراقی لەلایەن پۆڵەنداوە گرتووەتەبەر لە ئەنجامدا هیچ بەڵگەیەك نەبوو بیسەلمێنێت پۆڵەندا پەنابەرانی عێراقی لەسەر سنورەكانی لەگەڵ بیلاروسیا كوشتبێت.

لە چوارچێوەی بەشداریكردنی پرۆگرامێكی كەناڵی ئەلعێراقییە ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەمانگی دووی ئەمساڵەوە لەبارەی دۆسیەی كوشتنی پەنابەرانی عێراقییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پۆڵەنداوە لەسەر سنورەكانی نێوان ئەو وڵاتە و بیلاروسیاوە دەستیان بەلێكۆڵینەوەكان كردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكیان دەستنەكەوتووە تا بیسەلمێنێت هێزە ئەمنییەكانی پۆڵەندا پەنابەری عێراقییان كوشتووە، دەشڵێت، هیچ هاوڵاتییەكی عێراقی تا ئێستا بەشیوەیەكی یاسایی هیچ سكاڵایەكی لەسەر ئەو دۆسییەیە لە دادگا تۆمار نەكردووە.

وتیشی، بە چەندین هۆكار و بە جیاوازی دۆخەكانەوە ژمارەیەك كۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە سێ هەزار و ٨٠٠ كۆچبەر بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەچەند رۆژی رابردوودا لیژنەی لێكۆڵینەوەكان بیلاروسیا چەند بەڵگەیەكی رادەستی عێراق كرد لەسەر كوشتن و لە سێدارەدانی ژمارەیەك پەنابەری عێراقی لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و سوپای پۆڵەنداوە لەسەر بنەمای نەژادی و رەگەزنامە و ناسنامەی نەتەوەیی.