سەردێر

چاوپێكەوتنێكی كەناڵی سوێد لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ توركیا توڕە دەكات

خەڵك-
كێشمە كێشەكانی نێوان سوێد و توركیا لەسەر پەكەكە بەردەوامن.

لەوچوارچێوەیەدا بڵاوبوونەوەی چاوپێكەوتنێكی كەناڵی سوێد لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات توركیای زۆر نیگەران كردووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم چاوپێكەوتنە لە حاڵێكدایە كە ئەنقەرە خوازیاری بڕینی پێوەندی و هاوكاری سوێدە بۆ پەكەكە و هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان.

ئەنقەرە جێبەجێكردنی خواستەكانی كردووەتە مەرج بۆ لابردنی ڤیتۆ لەسەر بوونە ئەندامی سوێد و فێنلاند لە هاوپەیمانی ناتۆدا.

فەرماندەی گشتی هەسەدە بۆ كەناڵەكەی سوێد رایگەیاند ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا و پشتیوانییەكانی سوێدیشی بۆ رۆژئاوا و هەسەدە لە بەرەنگاری تیرۆر بە گرینگ زانی.

ئەمە لە حاڵێكدایە مانگی رابردووش كەناڵەكەی سوێد چاوپێكەوتنی لەگەڵ ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی نوێی پەیەدە كردبوو.