سەردێر

ئەندامێكی پەرلەمان: بەنزینە 800 دینارییەكە كوالێتی باشە

خەڵك-

سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند پاڵپشتی دارایی دەكات تا نرخی یەك لیتر بەنزین داببەزێت بۆ(800) دینار، بەڵام باس لە خراپی و نزمی ئۆكتانی بەنزینەكە دەكرێت، سەركۆ ئازاد بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە هاوكات پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشە، دەڵێت” ئێمه لە لیژنەی سامانە سروشتیەكان بەدواداچوونمان كردووە بۆ كواڵتی ئەو بەنزینە (800) دینارییە”.

سەركۆ ئازاد بۆ دەنگی ئەمریكا وتی: خەڵكی پسپۆڕمان بانگ كردووە بۆ تێست كردن و بەدواداچوون، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەینە هاوڵاتیان كە ئەم بەنزینە بەتەواوەتی دەتوانرێت بەكاربهێنرێت و هیچ كێشەو گیروگرفتێكی نییە بۆ هاوڵاتیان یاخود نا، ئەو پسپۆڕ و شارەزایانەی كە سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانن ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستانن دڵنیاییانداوه سەبارەت بە باشی كواڵتی ئەو بەنزینە،‌ بەڵام هەتا ئێستا لە تاقیگەكانی تری ناحكومیدا ئەنجامەكەمان وەرنەگرتۆتەوە چونكە بەڕاستی لێكۆڵینەوەی زیاتری دەوێت لەسەری.

راشیگەیاند، “بەبڕوای ئێمە نرخی بەنزین لە 800 دیناردا جێگیر دەبێت و زیاتر دانابەزێت، پێویست بوو بە 690 دینار بێت. “