سەردێر

مەسرور بارزانی: جێبەجێکردنی یاساکانی باج لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە

خەڵک-

مەسرور بارزانی رایگەیاند، جێبەجێکردنی یاساکانی باج، لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و داواجار لە خزمەتی هاووڵاتییان خەرج دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی کرد و لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوورییه‌وه‌، پێشوازیی لێ کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری، رایگەیاند، کە بەشێکی زۆری جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە کە بە هاوکاری و پشتیوانی بەهێزی سەرۆکی حکومەت، توانیویانە لە هەردوو بواری کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات، پێشکەوتن بەدەست بهێنن.

دواتریش مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بڕیارماندا چاکسازی بکەین و دەستیشمان پێکرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، لە سەرەتادا چاکسازییەکە بە شێوەیەکی خێرا نەبوو، بەڵام سەرەڕای قەیرانەکانیش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوامبووین لە چاکسازی و بە هۆی رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی، توانیمان سەربکەوین و ئیدارەی خۆمان بدەین، بە بێ ئەوەی پەنا بۆ قەرزرکردن ببەین بۆ ئەوەی هیچ بەرپرسیاریێتی و بارگرانییەك بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست نەکەین.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت کرد، کە لە دووسەد ملیۆن دۆلارەوە بووەتە حەفتا ملیۆن دۆلار، کەمکردنەوەی ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبووەتە هۆی ئەوەی راییکردنی کاروبارەکانی حکومەت پەکی بکەوێت.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، کابینەی نۆیەم هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە، بەڵکو تەنیا یاساکانی باجی جێبەجێ کردووە، کە پێشتر جێبەجێ نەکراون. جەختیشی لەوە کردەوە، جێبەجێکردنی یاساکانی باج، لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و داواجار لە خزمەتی هاووڵاتییان خەرج دەکرێت، بۆ نموونە مووچەی پێ دەدرێت و جووڵەی بازرگانی گەشە دەکات و هەل و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت.