خەڵك –
ئەندامێكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق ئەگەری ئەوەیان لێ بەدی دەكرێت كە ڕەنگدانەوەیان لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری هەبێت، دەشڵێـت،”ئەگەر هەیە گۆڕانكاری لە نرخی دۆلاردا بكرێت”.
لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ئەندامێكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، كە دوای كشانەوەی سەدر لەپەڕلەمانی عیراق ئاماژەیەك بەدی دەكرێت كەوا بەم نزیكانە سەدر بڕیاری كشانەوە لە تەواوی پەیكەری حوكمڕانی عێراقدا بدات، لە ئەگەری ڕوودانی ئەم كشانەوەیە نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار گۆڕانكاری بەسەردا دێت و دۆخی ئابووری عێراق دەچێتە قۆناغێكی دیكەوە.
دەشڵێت،”چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕێگەی پەرلەمانتارەكانیەوە بەردەوام لەهەوڵی دروستكردنی كاریگەرییە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارێزگاری بانكی مەركەزی سەر بە سەدرییەكانە بەداواكارییەكانی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕازی نەدەبوو، لەئەگەری كشانەوەی سەدر لە حكومەت پۆستی پارێزگاری بانكی مەركەزی دەچێتە دەست چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەو كات جێبەجێكردنی ئامانجەكەیان كە دابەزاندنی نرخی دۆلارە بەرانبەر بە دینار زۆر ئاسانتر دەبێت”.
ڕاشیگەیاندووە، دیارە یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی شەقامی عێراقی دابەزاندنی نرخی دۆلارە، هەر بۆیە ئەم هەنگاوەی چوارچێوەی هەماهەنگی تا ڕادایەك دەوری لەكپكردنی دەنگە ناڕازییەكانی شەقامی عێراقیدا دەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە ڕۆژی ۱۷ی تەمووزی ئەمساڵ لە سعودیە بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەمریكا كۆبوونەوەی لووتكە لەگەڵ وڵاتانی كەنداو سازبكرێت و لە كۆبوونەوەكەدا ئەگەری ڕێككەوتن هەیە لەسەر هەناردەكردنی نەوتی زیاتر لەلایەن وڵاتانی كەنداو بەتایبەتی عێراق بۆ بازاڕەكانی جیهان لەپاڵ ئەمەشدا بەرزی نرخی نەوتیش بەم ڕێژەیە هۆكار گەلێكن، كە بانكی مەركەزی و وەزارەتی دارایی عێراق بتوانن كار لەسەر دابەزاندنی نرخی دۆلار بكەن و ئەو كورتهێنانەی لەدابەزاندنی نرخی دۆلاردا دروست دەبێت بە زیادكردنی ئاستی هەناردەی نەوت پڕ بكەنەوە.