خەڵك –
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان داوا لە بۆ خوشكانی حزبەكەی دەكات ،كە رێگە بگرن لەو ئافات و قەیرانە ئەخڵاقیانەی، كە ڕووبەرووی ژنان و خانمان و ئافرەتان دەبێتەوە لە كۆمەڵگەكەمان .
مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەھائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە درێژەی سەردان و بەسەركردنەوەكانی بۆ دەڤەری بادینان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرواری 2022/6/23 لە شاری دهۆك دیدارێكی لەگەڵ لقەكانی یەكگرتووی خوشكان ئەنجامدا .
لە دیدارەكەدا ڕایگەیاندووە، خوشكانی یەكگرتوو هاوشانی برایان ئیدارەی كاری خۆیان دەكەن لە ناوخۆی حزب لە كاری خێرخوازی و پەروەدە و راگەیاندن و پێگەیاندندا، جێگای شانازی یەكگرتووەكانن.
لە ڕاگەیەنراوەكەی نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوودا هاتووە، لە بەشێكی وتەكانیدا ئەمیندارئاماژەی بەوەدا، كە خوشكانیان دەبێت ئەركی بانگەواز و پەروەردەكردن بگرنە ئەستۆی خۆیان و سیمای جوانی باڵاپۆشی لای خوشكان خۆشەویست بكەن و رێگە بگرن لەو ئافات و قەیرانە ئەخڵاقیانەی كە رووبەرووی ئافرەتانمان دەبێتەوە لە كۆمەڵگە و پارێزگاری لە شوناسی موسڵمانیەتی خۆیان بكەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە لەم سەردەمی بە كاڵاكردنی ئافرەتان و ھەستنەكردن بە بوونی خۆیان دەبێت یەكگرتووی خوشكان بەردەوامبن لە تێكۆشان و بانگەواز بۆ راستە رێگای ھیدایەت و پاراستنی بەھا ئەخڵاقیەكانی كۆمەڵگە .