سەردێر

مەلا بەختیار؛ هیچ ڕێكەوتنێك ڕوونادات ئەگەر یەكێتی سەرۆككۆمار نەگۆڕێت

خەڵك –
ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، هیچ ئومێدێك نییە كێشە بنەڕەتییەكانی عیراق، لەم چەند ساڵانەدا چارەسەر بكرێت و لەعیراقدا، تەنها چارەسەری كاتی بوونی هەیە، نەك چارەسەری بنەڕەتی، دەشڵێت،” پارتی و سوننە، دەبێت لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێكبكەون، كە ئەم رێككەوتنەش روونادات ئەگەر یەكێتی سەرۆك كۆمار نەگۆڕێت”.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی لەمیانی پێشوازیكردنی بوو لە باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن و عێراق و لەدیدارەكەدا سەبارەت بە دۆخی عێراق ڕایگەیاندووە، هیچ ئومێدێك نییە كێشە بنەڕەتییەكانی كورد و شیعە و سوننە، لەم چەند ساڵانەدا چارەسەر بكرێت، لەبەرئەوەی فاكتەری پاسیفیزم، زۆر زاڵترە بەسەر فاكتەری پۆزەتیزم لەسیاسەتدا، ئەمەش هەڕەشە و مەترسییە بەردەوامەكەیە، بۆیە تەنها چارەسەری كاتی لەعیراقدا بوونی هەیە نەك چارەسەری بنەڕەتی.
ڕاشیگەیاندووە، رۆڵی ئێران زۆر گرنگە و هەموو ئەو پرۆسەیەی لەدوای هەڵبژاردن و لەسەر پرسی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران گیری خواردووە، لەپشتی پەردە، كاریگەرترین هێز ئێرانە ئەمەش وایكردووە، ململانێیەكە بكەوێتە نێوان هێزەكانی پرۆ ئێران و هێزەكانی كەمتر لایەندار یان بیلایەن و كەمێك سەربەخۆترن.

سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نویی عێراق ئاشكراشیكردووە، لەئێستادا یان دەبێت‌ پارتی و سوننە، لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێكبكەون، كە ئەم رێككەوتنەش روونادات ئەگەر یەكێتی كاندیدی سەرۆككۆمار نەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر گۆڕا، ئەوا پارتی رێككدەكەوێت، كە پارتیش لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێككەوت، ئەوا سوننەكانیش رێكدەكەون.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە ئەگەر پارتی و سوننەكان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێكنەكەون خۆپیشاندانی گەورە دەست پێدەكات، هەر كاتێكیش خۆپیشاندان دەستپێكرد، ئەوا ئەگەری شەڕی ئەهلیش دێتە پێشەوە، چونكە (سەرایا سەلام) كە هێزی چەكداری سەدرە بەهەزاران چەكداریان هەیە.