سەردێر

قەیرانی بەنزین زۆربەی ناوچەكانی عیراقی گرتۆتەوە

خەڵك-
بەغدای پایتەخت و ژمارەیەك لە پارێزگاكانی عیراق، بۆ چەند ڕۆژێكە بەدەست قەیرانی كەمی بەنزینەوە گیرۆدەن، ئەمەش بۆتە مایەی دروستبوونی قەرەباڵغییەكی زۆر لەبەردەم بەنزینخانەكان كە هاووڵاتیانی ناچاركردووە، چەندان كاتژمێر بوەستن بۆ وەرگرتنی بەنزین، وێڕای داخستنی سەدان بەنزینخانە بەهۆی دەستەبەرنەبوونی بەنزینەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، زۆرترین ئەو ناوچانەی لە عیراقدا گیرۆدەی قەیرانی كەمی بەنزین بونەتەوە، ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك و نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین و بەغدای پایتەخت و ئەنبار و زیقارن.

هەرچەندە هەندێك لە بەرپرساتن هەوڵدەدەن ڕەتیبكەنەوە كە قەیرانی سوتەمەنی بوونی نییە، یان لە بارگرانی قەیرانەكە كەم بكەنەوە، بەڵام لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی عیراق، پەردەی لەسەر ئەو ڕاستییە هەڵماڵی و دانی بە بوونی قەیرانی كەمی بەنزیندانا كە بەهۆی زیادبوونی داواكاریی و كەمی وێستگەكانی بەرهەمی ناوخۆوە دروستبووە، لەبەرامبەردا وەزارەتی نەوت هەموو تواناكانی خستۆتەگەڕ بۆ گواستنەوە و فەراهەمكردنی بەنزین بۆ وێستگەكان و پابەندى كردوون 24 كاتژمێر كاربكەن، تا بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلەكان فەراهەم بكەن.