سەردێر

قادر حەمەجان؛ كلتوری حوكمڕانی لەهەرێم زۆر لاوازە كاتی هاتووە دۆخە ڕاستبكرێتەوە

خەڵك –
ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، لە ئێستادا گلەیی و گازندەیەكی زۆر لەسەر سیستەمی حكومڕانی كورد هەیە و كاتی ئەوە هاتووە لە پێناو كۆمەڵانی خەڵكدا ئەو سیستەمە ڕاستبكرێتەوە.

حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە میانی بەشدارییكردنی لەخولێكی تایبەت بە یاساناسان ڕایگەیاند، سەربەخۆیی دادگا و دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاسا لەگرنگترین پێوانەكانی دیموكراسی و شارستانییەتە لەھەر سەردەم و وڵاتێكدا بێت، بێگومان پەیڕەوكردن و كاركردن بە یاسا نیشانەی پێشكەوتن و شارستانیەتە و پێویستە ئێمەش هەوڵبدەین دەستی حزب لە دادگاكان بهێنینە دەرەوە.

ڕاشیگەیاند، پێویستە دەستی سەرمایەدارانی نیشتیمانی واڵا بكرێت، تا بتوانن لە كەرتی تایبەت هەلیكاری زیـاتر بۆ دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان بڕەخسێنن، هاوكات پێویستە كەسی شارەزا و بەتوانا بهێنرێتە پێشەوە، چونكە كلتوری حوكمڕانی لەهەرێم زۆر لاوازە لەگەڵ ئەو ھەموو ساڵانەی حكومڕانیماندا.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لایەنە كوردیەكان تا ئێستا نەیان توانیوە لە بەغدا خاوەنی یەك گوتاری سیاسی بـن، ھەروەھا پێویستە لەو ھەلومەرجە دژوارو هەستیارانەدا كە گەلەكەمان پێیدا تێپەڕدەبێت، حزبەكان خاوەنی یەك هەڵوێستی نیشتمانی بن و بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و لێرەوە گفتوگۆكانیان بگوازنەوە بۆ دەرەوەی ھەرێم، چونكە هەموو لایەك درك بە مەترسی و گۆڕانكارییەكان دەكـەن”.

ئاشكراشیكردووە، كە حزبەكەی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی پاك و بێ گەردداین لە كاتی خۆیداو پێویستە نمونەیەكی جوانی شارستانی و سەردەمیانە پێشكەش بكەین، چونكە لە ئێستادا نمونەیەكی جوانمان نییە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و حكومڕانیكردن، وە كەم ڕۆژ ھەیە كێشە بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمەكەمان دروست نەبێت ھەر لـە دابەشكردنی موچەو كەمی ئاو و كارەباو بەنزین و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانەوە.