سەردێر

پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق چەند دەخایەنێت؟

خەڵك-
ئەیوب ڕوبەیعی پەرلەمانتاری پێشووى عيراق ڕایدەگەیەنێت، پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو زیاتر لە سێ‌ مانگ ناخایەنێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕوبەیعی لە لێدوانێكی ڕۆژمنامەوانیدا ڕایگەیاند”دیمەنی سیاسی عیراق بە قۆناغێكی زۆر ناسكدا تێدەپەڕێت، چەقبەستنی سیاسی دیارترین خەسڵەتەكانی ماوەی ڕابردوو بوو، بەڵام لەدوای دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، هێزە سیاسییەكان دەكەونە بەردەم قۆناغێكی تر كە هەلێكە بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە، بە تایبەت كە وڵات بە چەندان تەنگژەی خنكێنەردا تێدەپەڕێت”.
بە وتەی ڕوبەیعی”پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، ڕەنگە سێ‌ مانگ زیاتر نەخایەنێت، گەر پشت بە سێ‌ ڕێڕەو ببەسترێت كە خۆیان لە تەوافوق و سازشكردن بۆ یەك ودانانی نەخشەڕێگەیە بۆ ئیدارەدانی وڵات دەبینێتەوە، گرنگی پێكهێنانی حكومەتیش خۆی لە چارەسەركردنی تەنگژەكاتدا دەبینێتەوە، نەك حكومەتی پشكداری كە هەڵەكانی ڕابردوو دووبارە بكاتەوە”.

پەرلەمانی عیراق دانیشتنێكی نائاسایی بۆ دەنگدان لەسەر جێگرەوەكانی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر سازدەكات كە پێشتر نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردبوو.