سەردێر

ڕووداوێكی هاتووچۆ برینداربوونی حەوت كەسی لێدەكەوێتەوە

چوارییان منداڵن

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، لەسەر ڕێگای گوندی قاسماغەی سنوری گەرمیان بەهۆی پێكدادانی دوو ئۆتۆمبێلەوە، حەوت كەس برینداربوون كە چواریان منداڵن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ پێنج شەممە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیانەوە بڵاوكرایەوە”ڕووداوەكە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگای گوندی قاسماغە – كەلار لەنێوان ئۆتۆمبێلێكی تایبەتی جۆری نیسان ئەڵتیما و ئۆتۆمبێلێكی دیكەی پیكاب نیساندا ڕوویداوە و بووەتە هۆی برینداربوونی حەوت كەس”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”ڕووداوەكە بەشێوەیەك بووە، هەردوو ئۆتۆمبێلكە بە ئاڕاستەی كەلار بۆ سەر رێگای پشتێنەی شار چوون، پێش ئەوەی بگەنە سەر رێگای سەرەكی ئەڵتیماكە خۆی بە پیكابەكەدا داوە و بەوهۆیەوە لە ئۆتۆمبێلە تایبەتەكە پێنج كەس بریندار بووە و لە پیكابەكەش دوو كەس برینداربوون”.

هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت”سەرجەم بریندارەكان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار لەكەلار و لەلایەن تیمی هاتوچۆوە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێكردووە”.