خەڵك-
شازادە محەمەد بن سەلمان جێنشینی عەرەبستانی سعودیی لە دوای سەردانی میسر و ئوردن چووە توركیاو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئەو وڵاتەدا كۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی هاوبەشی نێوانیان، هەردوولا باسیان لە پرۆژەی پێكەوەیی و هاوبەش لە چەندین بواردا لە قۆناغەكانی ئایندە كردووە لەنێوان دوو وڵاتدا.
ئەم سەردانە دوای ساڵانێك ناكۆكی بوو لەنێوان ئەنقەرە و ریاز بەتایبەت دوای كوژرانی رۆژنامەوانی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبستان جەمال خاشقچی لە توركیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی عەرەبستانەوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەك عەرەبستان بۆ دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەی روونكردووەتەوە كە ناكۆكی میسر و عەرەبستان لەگەڵ ئەنقەرە لەسەر بوونی گرووپی ئیخوان موسلیمینە كە لەلایەن ریاز و قاهیرەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پشتیوانی بەرفراوانی ئەنقەرە بۆ گرووپە توندڕۆ و ئیسلامی و تیرۆرستییەكان بەتایبەت ئیخوان موسلیمین، بووەهۆكاری ئەوەی دەڵەتانی عەرەبی بەتایبەت میسر و عەرەبستان و ئیمارات دەرگەی بەڕوودا دابخەن، ئەمەش زیانی گەورەی بە ئابووری توركیا گەیاند.
لەدوای خراپبوونی رەوشی ئابووری توركیا، ئەنقەرە بڕیاری یاساغكردنی زۆرینەی كاروبارە سیاسی و مێدیاییەكانی گرووپی ئیخوان موسلیمینیدا و لەگەڵ هەریەكەكە لە میسر و ئیمارات و عەرەبستان و ئیسرائیل گفتووگۆی ئاشتبوونەوەی دەستپێكرد بە هیوای باشبوونەوەی ئابوورییەكەی.