سەردێر

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی وەڵامی تەندروستی دەداتەوە

خەڵك-

لە پاش ئەوەی تەندروستی سلێمانی بە فەرمی ڕایگەیاند، ئەو پەتای سكچون و ڕشانەوەیەی لە سلێمانی بڵاوبۆتەوە بەشێكی سەلماوە كە كۆلێرایە، هاوكات سەرچاوەی ئەو پەتایەشی بە پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و خۆراك لە قەڵەمدا، سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت” ئەگەر سەلمێنرا ئاوی بەلوعەی سلێمانی پیسە ئێمە وێستگەكان دادەخەین و ئاو دەگرینەوە”.

سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند “من خۆم لەوە بەدڵسۆزتر دەزانم كە بۆ هیچ شتێك لەدنیادا روحی منداڵێكی كورد یان خەڵكی شارەكەم بگۆڕمەوە، بۆیە تا ئەم ساتە دڵنیایی دەدەمە هەمووان سەبارەت بە پاكی ئاوی ڕەئیسی ماڵان، كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیەوە دابین دەكرێت”.

ئەندازیار سەربەست عوسمان دەشڵێت “چركە بەچركە كواڵێتی ئاوەكە دەنێرێت نەك بۆ سلێمانی بەڵكو بۆ بەغدادیش، حكومەتی ناوەند ئاگای لە ئاوی سلێمانیە، بەغداد ئاگاداری ئاوی سلێمانی كە ئاوە خاوەكەی زێیەكەیه،‌ با تەندروستی گەڕەكێك تێست بكات و بیسەلمێنن كە ئاوەكەی نەشیاوە ئەوكاتە ئێمە ئاوەكە دەگرینەوە و دەڵێن ئاوەكە نەشیاوە، هەتا ئەم ساتە ڕاپۆرتێك نییە كە بەمن بڵێت ئاوی سلێمانی بە فەرمی پیسە. ”