سەردێر

نرخی بەنزین لە هەرێم دابەزی

خەڵك-
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا و دابەشكردنی دوو جۆری بەنزینی 690 دیناری و 800 دیناری، نرخی بەنزینی بازرگانی لە هەرێم دابەزی.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)، كە لە خاوەنی بەنزینخانەیەكەوە دەستكەوتووە، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە لە بەشێك لە بەنزینخانەكانی ناو شار و دەرەوەی شار بۆ هەر لیترێك بەنزین بڕی 25 دینار هەرزان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەنزینی سوپەر لیتری بووە بە 1375 دینار و موحەسەن 1300 دینار و نۆرماڵ 1200 دینار.

ماوەی چەند هەفتەیەكە بەردەوام نرخی بەنزین لە بەرزبوونەوەدایە و ئەوەش ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێكەوتەوە و حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بەنزینی 690 دیناری بۆ پاس و تەكسی و بەنزینی 800 دیناری بۆ سەرجەم شۆفێران دابین بكات، بەڵام ناڕەزاییەكی زۆر لەسەر كوالێتییەكەی هەیە.

ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوت لە بۆرسەی جیهانی بۆ 100 دۆلار دابەزی و لەهەمان كاتدا جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریدا باجی فیدڕاڵی لەسەر بەنزین هەڵبگرێت.