سەردێر

داواى لێكۆڵینەوە دەكرێت لە كۆمەڵكوژی پەنابەرانی عیراقی لە پۆڵەندا

لیژنەیەكی بیلاڕوسیا بەڵگەنامە و زانیارییەكان دەخاتەڕوو

خەڵك-
خالید عوبەیدی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و پەرگری لە پەرلەمانی عیراق، داوا دەكات لێكۆڵینەوەیەكی خێرا بكرێت سەبارەت بە كۆمەڵكوژی پەنابەرانی عیراقی بەدەستی سوپای پۆڵەندا.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن عوبەیدییەوە بڵاوكرایەوە”پێویستە حكومەتی عیراق لێكۆڵینەوەی بەپەلە بكات سەبارەت بەوەی سوپای پۆڵەندا كۆمەڵكوژی دژ بە پەنابەرانی عیراقی كردبێت و لە گۆڕستانی نهێنیدا ژێرخاكی نابن لەنێو سنورەكانی پۆڵەندا”.

بە وتەی عوبەیدی”گەر ئەم زانیاریانە ڕاستبن وەك دەسەڵاتدارانی بیلاڕوسیا باسی دەكەن سەبارەت بە كۆمەڵكوژی عیراقییەكان، ئەوا بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت و پێویستە عیراق بەنێودەوڵەتی بكات و ئایندەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دیاریی بكات”.

سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عیراق دەڵێت”حكومەتەكان بۆ ئەوە دروست دەبن، پارێزگاریی لە گەلەكەیان بكەن و بەرگرییان لێبكەن و مافەكانیان بپارێزن و وڵاتان ناچار بكەن ڕێز لە هاووڵاتیانیان بگرن”.

ئەمڕۆ چوار شەممە، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بیلاڕوسی ڕایگەیاندبوو، بەڵگەنامە و زانیاریی تەواو دەداتە ئەو شاندە عيراقيەی سەردانی مینسك دەكات، لەبارەی كۆمەڵكوژی نهێنی پەنابەرانی عیراقی بەدەستی سەربازانی پۆڵەندا لە بەری سنوری پۆڵەندا لەگەڵ بیلاڕوس.