سەردێر

حەیدەر موللا بۆ لایەنەكانی هاوپەیمانی سێقۆڵی: ڕاستگۆكان دەردەكەون

خەڵك-
حەیدەر موللا، سیاسەتوانی عیراقی پێیوایە، هاوپەیمانی “ڕزگاركردنی نیشتمان” كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سەركردایەتی دەكرا، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی ئاكاریدایە كە دەبێت ڕێگە بە پێكهێنانی حكومەت نەدات، لەكاتێكدا سەركردەی هاوپەیمانییەكە بڕیاریدا لە پرۆسەی سیاسی پاشەكشە بكات.

بەپێی تویتێك كە لەلایەن موللا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاوكرایەوە”لەچەند ڕۆژی داهاتوودا دەردەكەوێت، كێ‌ لەپێناو دەستەبەركردنی دەستكەوتەكان هاتۆتە نێو هاوپەیمانییەكە و ئەوانەش دەركەون كە بڕوایان بە پرۆژەی ڕزگاركردن هەبووە”.

لە 12ی ئەم مانگەدا، موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر، فەرمانی بە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدری كرد، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشكەش بكەن.

هاوپەیمانی سێقۆڵی یان هاوپەیمانی “ڕزگاركردنی نیشتمان” لە ڕەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادە پێكهاتبوو، ئەوان بەنیازی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بوون، بەڵام چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەڕێی لەگەڕخستنی سێیەكی پەرلەمان، ڕێگەی بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت گرت، ئەمەش حاڵەتێكی چەقبەستنی سیاسی لە وڵاتدا دروستكرد كە لە دوای هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی ڕابردووەوە، تا ئێستا درێژەی هەیە.