سەردێر

تاوە بارانی بەخوڕ و هەورە تریشقە هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-

شارەزایەكی كەشناسی پێشبینییەكانی بۆ دۆخی كەشوهەوا و ناجێگیربوونی لەسەرەتای ھەفتەی ئایندەدا و چالاكبوونی ھەورە تریشقە و تاوە بارانی بەخوڕ ڕادەگەیەنێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە سەرەتای ھەفتەی ئایندەدا ڕۆژی شەممە ٢٥-٦-٢٠٢٢ بەتایبەت كاتەكانی دوای نیوەڕۆ بۆ كاتەكانی شەو ئەگەر ھەیە بارێكی ناجێگیر لەكەشوھەوای ناوچەكانی ھەرێمدا دروست ببێت بەھۆی ھاتنی بڕێك شێ لە چینە بەرزەكانی ھەوادا و بوونی بارستە ھەوایەكی سارد، كە لەتوركیاوە كاریگەری ئەبێت و ئەمە ئەبێتە ھۆی چڕبوونەوەی ھەور لەئاستە مامناوەند و بەرزەكانی ھەوادا.

ڕاشیگەیاند، لە ئەنجامی ئەم حاڵەتەدا ھەوری چڕی بارانبارین و ھەورە تریشقە بەشێوەیەكی دیاری نەكراو چالاك ئەبێت بەسەر ناوچەی جیاجیادا و بارانی بەخوڕی لێئەبارێت لەگەڵ چالاكبوونی بەھێزی بای داكەوتوو لە ھەورە بروسكەكانەوە، كە ئەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵی ناوخۆیی و ھەندێك كات خێرایی با داكەوتووەكە زۆر چالاك ئەبێت و ئەبێتە ھۆی زیان گەیاندن.

وتیشی، “بەگشتی ئەم حاڵەتە ناجێگیرانە دیاری ناكرێن، كە لەچ شوێن و ناوچەیەكدا دەرفەتی بارانبارینەكە زیاتر ئەبێت تا نزیكترن كات لە چڕبوونەوەی ھەورەكان و سنووری بارانبارینیش لە مەودایەكی كورتدا ئەبێت، كە لەنێوان دوو ناوچەی نزیك یەكتردا ئەگەر ھەیە بارانێكی زۆر زۆریش ببارێت و لە نزیك ھەمان ناوچەوە بارانیش نەبارێت و كەش ئاسایی ئەبێت”.