سەردێر

ئەفسەرێكی هاتووچۆ بۆ مەسرور بارزانی: زۆری ئۆتۆمبێل پەیوەندی بە خۆشگوزەرانییەوە نییە

خەڵك-
ئەفسەرێكی هاتووچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، توماركردنی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل پەیوەندی بەباشی گوزەرانی هاووڵاتیانەوە نیە.

دوێنێ‌ دوو شەممە، لە گفتوگۆیەكی كراوەدا لەگەڵ سەرنووسەر و نوێنەری بەشێك لە میدیاكان، سەبارەت بە خراپی دۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان و گرانی بەنزین مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم وەسفی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كورد بەوەی لە خۆشگوزەرانیدان و وتی، “تۆماركردنی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە كوردستان مانای وایە دۆخی خەڵك باشە”.

ئەفسەری هاتووچۆ مەقەدەم، كاروان محەمەد سدیق، بەڕێوەبەری ڕادیۆی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، تۆماركردنی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لەكوردستان، پەیوەندیی نییە بەباشی‌ و گوزەرانی هاووڵاتیان، بەڵكو پەیوەندیی هەیە بەخراپی پلانی حكومەت لەهاوردەكردن ‌و تۆماركردنی ئۆتۆمبێل ، چونكە مەبەستی حكومەتیش لەتۆماركردن، زیاتر كۆكردنەوە و زیادكردنی داهاتە.

ڕاشیگەیاند، لەساڵانی پێشوو لەعێراق‌ و كوردستان، كاتێك كە ئۆتۆمبێل تۆمار دەكرا، دەبوو ئۆتۆمبێلێكی تر لەتۆمار بسڕێتەوە، واتە (بمرێندرێت)، ئەمەش بۆ ڕاگرتنی باڵانس بوو بۆئەوەی، كە ژمارەی ئۆتۆمبێل بگونجێ‌ لەگەڵ دۆخی شەقام ‌و ڕێگاوبانەكان، جگەلەوەی لەئێستادا هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتیی لەئاستێكی زۆرخراپە لەكوردستان، هاووڵاتیان بۆ ڕاییكردنی ئیشوكاری ڕۆژانەیان بەناچاری پەنادەبەن بۆ بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان.

ئەو ئەفسەرەی هاتووچۆ دەڵێت: “بەشێك لەهاوڵاتیان‌و بازرگانەكانی شارەكانی تری ناوەڕاست‌ و خوارووی عێراقیش ڕوو لەهەرێمی كوردستان دەكەن، ئەم ئۆتۆمبێلانە دەكڕن كە هەڵگری تابلۆی هەرێمی كوردستانن ‌و دەیبەنەوە بۆ شارەكانی خۆیان، واتە مەرج نییە ئەو دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلەی، كە باس دەكرێت سەرجەمیان لەكوردستان بن”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل لەهەرێمی كوردستان جێگەی هەڵوێستە لەسەركردنە، ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلیش كە باس دەكرێت، خەریكە ژیان لەكوردستان دەوەستێنێت، ڕۆژانە دەیبینین لەكاتی بچوكترین گرفتی هاتووچۆ لەشەقام ‌و ڕێگاوبانەكان خنكانی هاتووچۆ دروستدەبێت‌ و جموجۆڵ بەتەواوەتی دەوەستێت، ئەمە جگەلەوەی لەڕووی ژینگەییەوە ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل كەشوهەوا و ژینگەی كوردستانی بەتەواوی پیسكردووە و ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتیان، كە ڕۆژانە بەهۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆوە دەبنە قوربانی‌ و گیانلەدەستدەدەن، بەردەوام ڕوو لەزیادبون‌ و بەرزبونەوەیە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە ئاوڕێكی جدی لەدۆخی خراپی شەقام‌ و ڕێگاوبانەكان لەهەرێمی كوردستان بدرێتەوە.

هەر لە نووسینەكەیدا مقەدەم كاروان دەڵێت: “زیادكردنی ژمارەی ئۆتۆمبێل، دەبێت هاوتابێت بەزیادكردن ‌و چاككردنی شەقام‌ و ڕێگاوبانەكان، ناكرێت بەبەردەوامی ژمارەی ئۆتۆمبێل زیادبكات‌ و دۆخی شەقام‌و ڕێگاوبانەكان خراپ بن، بەشێكی زۆری ڕێگاكانی دەرەوەی شار یەك ساید و دوو ئاڕاستەبن، بەبەردەوامی ڕووداو و كارەساتی جەرگبڕ بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەكانەوە دروست دەبن، بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێم واز لەسیاسەتی هاوردەكرن ‌و تۆماركردنی ئۆتۆمبێل بهێنێت ئاوڕێكی جدی لەسیستمی گواستنەوەی گشتی دروستكردنی سیستمی هاوچەرخ بداتەوە و ئاوڕێك لەشەقام‌ و ڕێگاوبانەكان بداتەوە، كە لەدۆخێكی خراپدان”.

لەكۆتاییدا جەختیشدەكاتەوە، لەوڵاتانی پێشكەوتوو حكومەت لەسیستمی هاتووچۆدا هەوڵدەدات كەمترین ژمارەی ئۆتۆمبێل تۆماربكات ‌و كارئاسانی بۆ هاولۆاتیان بكات لەفەراهەمكردن‌ و دابینكردنی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتیی ‌و چاككردن‌ و فراوانكردنی شەقام‌ و ڕێگاوبانەكان.