سەردێر

هونەرمەندی نێوداری كورد محەمەد ئەحمەد ئەربیلی كۆچی دواییكرد

خەڵك-

دوای چەند رۆژێك مانەوەی لەنەخۆشخانە، هونەرمەندی نێوداری كورد و شاری هەولێر محەمەد ئەحمەد ئەربیلی كۆچی دوایی كرد.

محەممەد ئەحمەد ئەربیل ناوی تەواوی محەمەد ئەحمەد شێخ فەتحییە، ھونەرمەندی مەقامبێژ و دەنگبێژێكی كوردستانە.

لە ١/٧/١٩٣٣ لە گەڕەكی سەعدوناوەی شاری ھەولێر لەدایك بووە، باوكی ئەحمەد شێخ فەتحی لە ساڵی ١٨٩٨ لە گوندی باوەكراوەی ناوچەی باڵەكایەتی ڕوودەكاتە ھەولێر و نیشتەجێ دەبێت تاوەكو كۆچی دوایی دەكات لە ١٩٧٢.

لە ساڵی ١٩٤٤ دەچێتە بەرخوێندن لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا تاوەكوو ساڵی ١٩٤٩لەخوێندن بەردەوام دەبێت دواتر بەھۆی خراپی بژێوی ژیانیان ناچاردەبێت واز لە خوێندن بهێنێت، بەھۆی دەنگ خۆشیەوە دەبێتە جێگای سەرنجی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەكەی، لە تەمەنی زۆرمنداڵیەوە بەشداری لەچاڵاكیە مۆسیقیەكانی قوتابخانە دەكات كە ڕۆژانە دەستپێكی خوێندن بەسرودە نیشتمانیەكانی ھونەرمەند دەستی پێدەكرد، ھەریەك لە سرودە نیشتمانیە بەناوبانگەكانی نەورۆز و ئەی دلێران و لاوانی كورد لە لەیەن ھونەرمەندەوە ئاوازی بۆ دانراوە لە تەمەنی منداڵی قوتابخانەییدا.

لە ساڵی ١٩٥٦كاتێك مەلیك فەیسەڵی دووەم پاشای عێراق سەردانی ھەولێردەكات لەدیوەخانی مەلا فەندی چەندین مەقام و گۆرانی فۆلكلۆر پێشكەش بە پاشا دەكات وەك ئاھەنگی پێشوازی دەبێتە جێی سەرنجی پاشاو میوانانی دیوەخان.

ھونەرمەند لەلایەن مۆسیقاژەن مەجید فەتاح گرنگی زیاتری پێدەدرێت و مامۆستا عیزەددین فەیزی دەبێتە ھاندەری ڕاستەوخۆی تاوەكو بەڕێچكەی ھونەردا بڕوات، بۆیە زۆرینەی گۆرانی و بەستە كوردی و توركمانیەكانی ئەوكاتی ھەولێرێ ئەزبەردەكا و لەكۆڕ و بۆنەكان دەیھۆنێتەوە،

لە ساڵی ١٩٥٣ لەبەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر دادەمەزرێت وەك شوفێر، بەدەم كارەكەیەوە گۆرانی یەڵا شوفێر دادەنێت و دواتر لە ١٩٥٩ دەچێت لە ڕادیۆی بەغدا تۆماری دەكات.

محەممەد ئەربیلی دوای دەنگدانەوەی گۆرانی یەڵا شوفێر بەناوبانگ دەبێت و گۆرانیەكەی لەلایان چەندین ھونەرمەندی مەزنی ئەوكات دەگوترێتەوە پەرەی زیاتر بەخۆی دەدات و كات تەرخان دەكات بۆ نووسینی ھۆنراوە و داناننی ئاواز بۆیان و وەك مەقام و بەستە تۆماریان دەكات بە زمانەكانی كوردی و توركمانی ھەروەھا لەگەڵ ھونەرمەندان عەبدولواحید گۆزەچی و نەجات توتنچی و یونس توتنچی ئاھەنگی گێڕاوە و چەندین ئاوازی بۆ داناون ھەربەھۆی محەممەد ئەربیلی جەباری براشی برەو پەیدادەكات

ھونەرمەند لە مەقامەكانی نەھاوەند و سەبا و كورد و بەیات توانایەكی سەرسورھێنەری ھەیە بۆیە لە زۆرینەی ئاھەنگ و بۆنەكان بانگھێشت دەكرێت بەتایبەت دوای ڕاپەرینەكەی بەھاری ١٩٩١ دەتوانێت چەندین گەشت بۆ وڵاتی توركیا ئەنجام بدات و ھەوادارانی توركیا بەسەربكاتەوە بەھۆی ئەوەی مەقام و بەستەی زۆری بە زمانی توركمانی تۆماركردووە





هەلبژاردە

گرنگترینەکان