سەردێر

ئایا ئەو پەتایەی سلێمانی گرتۆتەوە كۆلێرایە؟

خەڵك-

ژمارەیەكی بەرچاوی هاووڵاتییان لە سلێمانی و هەڵەبجە تووشی سكچوون و ڕشانەوەی توند بوون، بەوهۆیەوە نەخۆشخانەكان پڕبوون لەتوشبووانی ئەو پەتایە و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، گومانی زۆر دەكرێت، ئەو پەتایەی لە سلێمانی بڵاوبۆتەوە پەتای كۆلێرا بێت، هاوكات پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی لە سلێمانی دەڵێت: “بەپێی نیشانەكانی زۆر زۆر لەگەڵ ئەوە دەڕوات كۆلێرا بێت، بەڵام هەتا ئێستا بەڵگەی فەرمیمان نییە”.

د. زانیار ئاغال، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی بۆ (دەنگی كوردی ئەمریكا) وتی، “نەخۆشی كولێرا وەكو هەموو میكرۆبەكانی تر نەخۆشیەكی سكچوونیە، كە هەوكردنی ناو گەدە و ناو ڕیخۆڵەكان دەگرێتەوە كە وا لەمرۆڤ دەكات شلەیەكی زۆر زۆری لێ بێتەدەر و ببێت بە سكچوون، هەموو پەتاكانی سكچوون لەهەموو وڵاتێكدا هەیە هەموویان بەهەمان شێوە سكچوون دروست دەكەن و وشكبوونەوە و ڕشانەوە دروست دەكەن.

وتیشی، “بەڵام كۆلێرا تایبەت ترە، لەبەرئەوەی ڕێژەی ئاو دەرچوونەكەی زۆر زۆرە و ئەم میكرۆبە خۆی سروشتێكی هەیە زۆر بەئاسانتر بڵاودەبێتەوە و ڕێژەی وشككردنەوەكەی زۆر زۆر خێراترە. ”

دەربارەی ئەوەی ئایا ئەوەی لە سلێمانی بڵاوبۆتەوە كۆلێرایە؟ د. زانیار ئاغال دەڵێت: “هەتا ئێستا بەڵگەی فەرمیمان نییە، كە سامپڵی تەواوەتی وەرگیرابێت و دەركەوتبێت ڕێژەیەكی مەعقولمان هەبێت لەو سامپڵانە هەتاوەكو بوترێت كۆلێرایە، بەڵام بەپێی نیشانەكانی زۆر زۆر لەگەڵ ئەوە دەڕوات كۆلێرا بێت. ”

سەبارەت بەوەی هەتا چەند مەترسی زیاتری تەشەنەكردنی ئەم نەخۆشیە لەشاری سلێمانی هەیە؟ د. زانیار ڕوونی كردەوە، وەكو تەشەنەسەندن ئەگەر بەكتریایەكی تر بێت یان كۆلێرا بێت مەترسی تەشەنەسەندن هەیە، بەڵام بێگومان ئەگەر كۆلێرابێت خێراتر بڵاودەبێتەوە ئەوە سروشتەكەیەتی، هەروەها هەركامیان بێت ئەگەری تەشەنەكردنی زۆرە، ئەو نەخۆشخانانەی كە دەیانبینیین ڕێژەكە لە ئێستادا زۆر زۆر بەرزبۆتەوه،‌ بەڵی لەنەخۆشخانەكان كێشەیەكی وامان هەیە كە جێگە نەبووە، بەڵام خۆشبەختانە نەخۆشخانەیەكی تایبەت كراوەتەوە نەخۆشخانەی گشتی كراوەتەوە جارێكی تر دانراوە بۆئەوەی نەخۆشەكان وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەكە زۆر زۆرە، بۆیە هەتا خەڵك پابەند بێت بەخۆپاراستنەوە هەوڵبدرێت ئینشائەڵا ئەو ڕێژە زۆرە نەمێنێت.

سەبارەت بەوەی ئایا ئەو پەتایە(سكچوون و ڕشانەوەیە) لە كەسێكەوە دەگوازرێتەوە بۆ كەسێكی تر؟ ئەو پزیشكە وتی، “بەڵێ بەئاسانی دەگوازرێتەوه،‌ بەڵام لەڕێگەی هەناسەوە نییە بەڵكو لەڕێگەی پاشەڕۆی ئەو مرۆڤە ئیتر ڕشانەوە بێت یاخود پیسایەكەی بێت ئەگەر بەردەستی بكەوێت بەڵام ئەو كەسە دەستی نەشوات و دەستبداتەوە لەشتی تر ئیتر هەموو شتێك ئەگەر هەیە میكرۆبەكە هەڵبگرێت هەر لەدەرگای ماڵەوە یان لە قەنەفەوە لەخۆراك و لەتەوقە كردنەوە بەهەمان شێوەی كە لە كۆرۆنا باسمان دەكرد بەهەمان شێوە دەگوازرێتەوە خەڵكی تر تووشدەكات . ”