سەردێر

وتەبێژی حكومەت كاتی هەرزان بوونی بەنزینی دیاریكرد

خەڵك-
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاتی هەرزان بوونی نرخی بەنزین ئاشكرادەكات و دەڵێت: ” بەشێكی زۆری باج و رسومات لەسەر هاوردەكردنی بەنزین هەڵدەگرێت”.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین، كە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەسەر ئاستی جیهان و پابەندنەبوونی حكومەتی عێراق بە ناردنی بڕی دیاریكراوی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە، لە رێگەی پاڵپشتی نرخی بەنزین و بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكان هەموو ڕێكارێك بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و خستنەڕووی بڕێكی زیاتری بەنزین دەگرێتەبەر.

ڕاشیگەیاند، حكومەت پاڵپشتییەكی زیاتر بۆ نرخی بەنزین دەكات و بەشێكی زۆری باج و ڕسومات لەسەر هاوردەكردنی بەنزین هەڵدەگرێت و كارئاسانی بۆ هەموو كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی بەنزین دەكات، بەو مەرجەی كاریگەری لەسەر كوالیتی بەنزین و تەندروستی هاووڵاتیان نەبێت و لەگەڵ رێنماییەكانی ژینگەپارێزیدا بگونجێت.

وتیشی، “هاووڵاتییان لەوەش دڵنیا دەكەینەوە، كە لە ماوەیەكی كورتدا كۆنتڕۆڵی نرخەكان دەكەین، كە بە گوێرەی پێشبینییەكانمان لە ماوەی 72 كاتژمێردا ئەو كارە دەكرێت”.