سەردێر

هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستان دوادەخرێت

 

خەڵك-

محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێت” لە كۆبوونەوەی لایەنەسیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم، پارتی و یەكێتی لەسەر ئەوە كۆكبوون كە كۆمسیۆن ناتوانێت لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات، ئەوەی من لێی تێگەیشتم هەڵبژاردن ئەمساڵ ناكرێت، بەڵكو دەكەوێتە ساڵی داهاتوو ڕەنگە بكەوێتە بەهاری 2023″.

دەربارەی هەوڵەكانی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بۆ یەكخستنی لایەنە كوردییەكان، محەمەدی حاجی مەحمود بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت” كاتی خۆی ئوڵبرایت هات ئاشتی كردینەوە لە شەڕی ناوخۆ، ئێستاش ئەم ژنە (جینین پلاسخارت) كە هاتووە ڕەنگە هەمان ڕۆڵ بە جۆرێكی تر ببینێت، بۆ ڕێكخستنەوەی هێزە سیاسیەكانی هەرواش هاتووه،‌ هەمیشە كورد بەگوێی بێگانە زیاتر دەكات یان دەبێت بێگانە كۆیان بكاتەوە، ڕۆژێك وەزیری دەرەوەی ئێران هات كۆی كردینەوە، جارێكیش وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هات كۆی كردینەوە ئەمجارەش نوێنەری یوئێن كۆیكردینەوە. ”

محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژەی بە كۆبوونەوەی لایەنەكان و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد لە سەرۆكایەتی هەرێم، وتی “كۆبوونەوەكە لە سەرۆكایەتی هەرێم كرا،‌ نوێنەری یوئێنیش بەشداربوو تێیدا لەگەڵ حزبەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەی من تێگەیشتم لە كۆبوونەوەكە لێكتێگەیشتنێك دروست بووە له ‌نێوان هێزە سیاسیەكان، بەڵام هەموویان بە حەزەرەوە قسەیان دەكرد،‌ پێموایە شتەكان كاتیان ماوە یان ڕەنگە هەموو شتێك نەوترێت. ”