سەردێر

یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان دیاری كرا

خەڵك-
سەرەڕای دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان لەلایەن سعودیەوە بەپێی ڕۆژمێری كۆچی، شارەزایەكی بواری گەردوونی و كەشناسی لە هەرێم دەڵێت: “9-7-2022 دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان”.

محەمەد كەمال، شارەزای گەردوونی و كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، مانگی (ژولقعدە) 29 ڕۆژ دەبێت و لەكاتژمێر 6:20 خولەكی چوار شەممە 2022/6/29 مانگی نوێ دەبینرێت، كە بەقەد تاڵە موویەك باریكه و ڕێكەوتی 2022/6/30 یەكەمین ڕۆژی نۆمینەی حاجیان (ژولحجە) دەبێت.

وتیشی، “پشتیوان بەخوای گەوره ڕێكەوتی 2022/7/8 ڕۆژی عەرەفە دەبێت و حاجیان دەچنه سەر كێوی عەرەفه و ڕۆژی شەممە 2022/7/9 یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز دەبێت”.

بەپێی ڕۆژمێری كۆچی، كە سعودیە كاری پێدەكات، ڕۆژی 30ی حوەزیران دەبێتە یەكەم ڕۆژی مانگی (زولحیجە)ی كۆچی و ڕۆژی 8ی تەمموز دەبێتە ڕۆژی عەرەفە و 9ی تەمموز (10ی زولحجە)ی ئەمساڵ دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان.

لای خۆشیەوە، د. عەبدوڵا مەسنەد، مامۆستای زانكۆ لە وانەی فەلەكناسی لە زانكۆی قەسیم و دامەزرێنەر و سەرۆكی لیژنەی كەشوهەوا لە سعوودیە، لە تویتێكدا ڕایگەیاندووە، 30ی حوزەیران یەكەم ڕۆژی مانگی (زولحجە) دەبێت و ڕۆژی هەینی كە 8ی تەمموزە ڕۆژی وەستانی حاجیان دەبێت لە عەرەفە و ڕۆژی شەممە، كە دەبێتە 9ی تەمموز یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانە.