سەردێر

دوو نەخۆشی مەترسیدار لە ئۆكراینا بڵاودەبێتەوە

خەڵك-
ئۆكراینا داوای پاڵپشتی و بەهاناوەچوونی مرۆیی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی دوو نەخۆشی گوازراوە، كە دەبنە هۆی زیادبوونی قەیران و نەهامەتییەكانی ئەو وڵاتە لە شەڕی ڕووبەڕووبونەوەی ڕۆسیا، كە چەند مانگێكە بەردەوامە.

فادیم بۆیتشینكۆ، سەرۆكی شارەوانی ماریۆپۆڵ، كە ئێستا لە دەرەوەی شارەكە كاردەكات ڕایگەیاندووە، سیستمی بانكی و خزمەتگوزاری و پاكوخاوێنی گشتی لە ماریۆپۆڵ پەكی كەوتووە و لاشەی ڕزیو لە شەقامەكاندا بڵاوبوونەتەوە و بۆنیان كردووە.

شاری ماریۆپۆڵ بەهۆی ئەو گەمارۆیەی سوپای ڕوسیاوە، كە نزیكەی 3 مانگە لەسەریەتی، كاول و وێران بووە و نزیكە لەوەی بەتەواوی بكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی سوپای ڕوسیاوە.

بۆیتشینكۆ ڕاشیگەیاندووە، دوو جۆری نەخۆشی گوازراوە (كۆلێرا و دۆسنتاریا) بڵاوبووونەتەوە لە شارەكەدا و پزیشكەكانمان هەڵەسنگاندنیان بۆ كردووە و بەداخەوە جەنگ بۆتە هۆی كۆچكردنی زیاتر لە 20 هەزار دانیشتوانەكەی و هەروەها بەهۆی ئەو نەخۆشیانەوە ژمارەی قوربانیانی شارەكە ڕوو لە هەڵكشان دەكات.

نەخۆشی دۆسنتاریا بریتییە لەو نەخۆشییەی تووشی كۆئەندامی هەرس و بەتایبەتی قۆڵۆن دەبێت و دەبێتە هۆی سكچوونی خوێناوی و برینی توند و هۆكارەكەشی بەكتریا و ڤایرۆسی ئەمیبیایە

هەروەها نەخۆشی كۆلێرا، نەخۆشیەكی بەكتریاییە و زیاتر بەهۆی ئاوی پیسبووەوە بڵاودەبێتەوە و دەبێتە هۆی سكچوون و وشكبوونەوەی جەستە

بەرپرسانی ناوخۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور داوای بەپەلە بەهاناوەچوونی مرۆیی خەڵكی ماریۆپۆڵ دەكەن و داوا دەكەن ڕێڕەوێكی مرۆیی بۆ دەرچوونی ئەو خەڵكە بكرێتەوە، كە لە شارەكە گیریان خواردووە.