سەردێر

نرخی بەنزین جارێكی دیكە بەرزبووەوە

خەڵك-
سەرەڕای دەستكردنەوە بە دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناری عێراقی و دابەزینی نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانی، بەڵام نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان ڕۆژ بەڕۆژ گرانتر دەبێت.

كارمەندی بەنزینخانەیەك لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، جارێكی دیكە نرخی بەنزین لە بەنزینخانەكان بەرزبۆتەوە و بۆ هەر جۆرێكی بڕی 25 دیناری تۆی چۆتەسەر.

ڕاشیگەیاند، ئێستا نرخی یەك لیتر بەنزینی سوپەر بە 1350 دینارە و موحەسەن بە 1275 دینارە و نۆرماڵ بە 1150 دینارە.

بە وتەی ئەو كارمەندە، “هیچ لێپرسینەوەیەك لەسەر نرخ و كوالێتی بەنزین نییە و لەماوەی چاوتروكاندنێكدا نرخی بەنزین بەرزدەكرێتەوە بەبیانووی گران بوونی نرخی نەوت، بەڵام كە نرخی نەوت دادەبەزێتەوە بە هەفتەیەكیش بڕی 25 دینار لە نرخەكەی ناكەنەوە”.

هەر ڕۆژەی قەیرانێك بەرۆكی هاووڵاتیانی هەرێم دەگرێت و لە ئێستتادا سەرباری هەناردەكردنی بڕێكی زۆر نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان لەلایەن هەرێمەوە، بەڵام حكومەت ئامادەنییە پاڵپشتی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان بكات و وەكو عێراق نرخەكەی بۆ 450 دینار هەرزان بكات.