سەردێر

كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی ڕاگەیەنرا

خەڵك-

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەھۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەھێزەی ھەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، خواست لەسەر كارەبا زیاد بووە و ڕۆژانە 15 كاتژمێر كارەبا دابین دەكەین و دەشڵێت: “داواكارین ھاووڵاتیان ھاوكاربن بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین كاتژمێر كارەبا دابین بكەین”.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، “ھیچ كات سەرەتای مانگی 5 بەوجۆرە فێنك نەبووە و ھیچ كاتێكیش سەرەتای مانگی 6 بەوجۆرە گەرم نەبووە، ئەمە وایكرد كە فشارێكی زۆرمان لەسەر دروست بكات و لە پڕێكدا خواست لەسەر كارەبا بۆ ٤ ھەزار و ٥٠٠ مێگاوات بەرزبێتەوە، كە بەرھەمی ئێمە ٣ ھەزار و ١٠٠ مێگاواتە.

وتیشی، “٦٠٠ مێگاوات كاری چاككردنەوە و سیانەی بۆ دەكرێت و چاوەرێ دەكەین بگەرێتەوە، كە لە خەبات دوو وەحدەمان ھەیە یەكێكی دەستی بەكار كردۆتەوە و ئەوەی دیكەش تەواو بێت دەست بەكار دەبێتەوە و لە ھەولێر و سلێمانی و بازیان و خورمەلە، وەحدەمان ھەیە و كاری سیانەی بۆ دەكرێت و تەواوبن بەرھەمەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ ناو تۆڕی كارەبا”.

ئاشكراشی كرد، گەرما كاریگەریەكی دیكەی خراپیشی بۆ سەر بەرھەمی كارەباش ھەیە، چونكە توانای بەرھەم كەمدەكاتەوە، كە ئەوەی ١٢٥ مێگاوات بێت بۆ ١٠٠ مێگاوات كەمیكردووە، ئەوەش كاریگەری ھەیە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتی ئێمەش ھاوكار بێت بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین كاتژمێری كارەبا بدەین بە ھاووڵاتیان لە وەرزی ھاوین.

ڕوونیشی كردۆتەوە، تا ئێستاش ئێمە نزیكەی ١٥ كاتژمێر كارەبا بە بەردەوامی بۆ ھاووڵاتیان دابین دەكەین سەرەڕای ئەو شەپۆلە گەرما بەھێزەی، كە ھەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەشڵێت: “تا ئێستا ملیۆنێك و ٢٧٠ ھەزار پێوەری زیرەكی كارەبا لە ھەرێمی كوردستان بۆ ماڵان دانراوە و بڕیارە پێداچوونەوەیەكی بۆ بكەین و چاكسازی زیاتری بۆ ئەنجامبدەین و بەھۆی دانانی پێوەری زیرەكیش ١٠%ی كارەبای بەفیڕۆچوو بۆمان گەڕاوەتەوە”.