سەردێر

بەرهەمی ئەمساڵی گەنم نزیكەی ٤٠٠ هەزار تۆن دەبێت

خەڵك-

پێشبینی دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە هەرێمی كورسستان نزیكەی ٤٠٠ هەزار تۆن بێت، لە كاتێكدا ساڵانە بۆ ئاسایسی خۆراك هەرێمی كوردستان پێویستی بە یەك ملیۆن تۆن گەنم هەیە، هاوكات لە هەرێمی كوردستان ٣٨ هەزار و ٩٤٨ جوتیار هەن.

د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە چاوپێكەوتنێكی، كە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی بڵاوكراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٤ پێشبینی كراوە هەر تاكێك لە عێراقدا ساڵانە پێویستی بە ١٩٢ كیلۆ گرام دانەویڵە لە جۆری گەنم هەیە، بۆ ئەوەی كە پێداویسیتیەكانی ڕۆژانەی خۆی پێ پڕبكاتەوە. ئێمەش بە گوێرەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان ئەگەر وای دابنێین، كە دانیشتووانی هەرێم ٦ ملیۆن كەسە، كەواتە لە ساڵێكدا پێویستیمان بە زیاتر لە یەك ملیۆن تون گەنم دەبێت، تاوەكو بگەینە ئاستی ئاسایشی خۆراك لە ڕووی نیشتیمانییەوە.

– كاریگەرییەكانی وشكەساڵی لەسەر بەرهەمی ئەمساڵی گەنم چی بووە و پێشبینی دەكەن بەرهەمی گەنم چەند بێت؟

د. زێدا محەمەد: بەرهەمی گەنم جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، بەهۆی وشكەساڵییەوە پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ بەرهەمەكە كەمببێتەوە. بۆ ئەم بابەتەش راپۆرتێمكان ئامادە كردووە لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە بە ناوچە رێژەی زیانەكانی وشكەساڵیمان دیاری كردووە. زۆرترین ئەو ناوچانەشی زیانی پێگەیشتووە لەڕووی بەرهەمی گەنمەوە، گەرمیان بە پلەی یەكەم دێت، كە وشكەساڵی تەواو لەو دەڤەرە ڕاگەیاندراوە، هەروەها لە پارێزگای هەولێریش ئەو ناوچانەی كە باران بارینی تێدا مسۆگەر نییە وەك (گوێڕ- دیبەگە – مەخموور) و بەشێك لە ناوچەی قوشتەپە كە بەتەواوی بەرهەمی گەنمیان لەناوچووە، لە دهۆكیش ناوچەی (سێمێڵ – بەردەڕەش) زۆرترین زیانیان بەهۆی وشكەساڵییەوە بەركەوتووە.
بەهۆی ئەوەی تاوەكو ئێستاش دروێنەی گەنم بەردەوامە، بۆیە ئەوانە هەمووی پێشبینین، بەڵام بەهۆی وشكەساڵییەوە تێبینی دەكرێت لە ٨٥% پێشبینیەكانمان ڕاست بن، بۆیە ڕێژەی گەنمی بەرهەمهاتوو بەراورد بە ساڵانی رابردوو كەمە، ئەمەش بەهۆی وشكەساڵی و كەمی باران بارینە. بۆیە ئەو گەنمەی لە هەولێر دەچێندرێت زیاتر لەو ناوچانە دەچێندرێت كە دێمین و زیاتر پشت بە باران دەبەستن، باران بارینی ئەمساڵیش لەكاتی خۆیدا نەبووە، ئەگەر بارانێكی زۆریش باری بێت پچڕپچڕ بووە و سوودی بۆ پێگەیشتنی گەنم نەبووە. ناتوانین پێشبینی بەرهەمهێنانی گەنم بكەین، بۆیە ئەوەی ساڵانی پێشوو گوتراوە داتای ڕاست نەبوون.

– ساڵی ڕابردوو ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنم چەند بووە لە هەرێمی كوردستان؟

د. زێدا محەمەد: ساڵی ڕابردوو ئەو ڕێژە گەنمەی كە حكومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستانی دانا بوو بۆ ئەوەی لەلایەن سایلۆكانی حكومەتی فیدراڵەوە وەربگیرێن، بریتیی بوو لە ٣٧٥ هەزار تۆن، بەڵام لەو بڕە تەنیا ١٢٦هەزار تۆن گەنم بە سایلۆكانی فیدراڵ درا، ئێمە ناڵێین بەرهەمی گەنم ١٢٦ هەزار تۆن بووە، لەوانەیە زۆرێك لەو گەنمە جوتیارەكان خۆیان ئاڵوگۆڕیان پێكردووە، لە بازاڕی ڕەشدا و نەدراوە بە سایلۆكان، بۆ ئەمساڵیش دەتوانین پێشبینی بكەین بە هەمان شێوەی ساڵی رابردوو بێت، چونكە ساڵی رابردووش بەهەمان شێوە لەژێر كاریگەری وشكەساڵی بووین، بۆیە پێشبینی دەكەم بەرهەمی گەنمی ئەمساڵمان لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار تۆن بێت، بەو رێژەیەی كە رادەستی سایلۆكان دەكرێت، یان لەلای جوتیارەكان دەمێنێتەوە.

– لە هەرێمی كوردستان چەند جوتیار هەن و گەنمی داچێندراوی ساڵانە چەند؟

د. زێدا محەمەد: لە هەرێمی كوردستان ٣٨ هەزار و ٩٤٨ جوتیار هەن، بۆ ئەمساڵیش دوو ملیۆن و ٥٩٩ هەزار و ٥٨٠ دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە لە كۆی ٣ ملیۆن و ٥٩٣ هەزار پارچە زەویی كشتوكاڵی.

– نرخی گەنمی وەرگیراوی جوتیاران بۆ ئەمساڵ چەندە؟

د. زێدا محەمەد: ئەمساڵ گەنمی وەرگیراو بە نرخی ٨٥٠ هەزار دینار دەبێت بۆ هەر تۆنێك، ئێستا جگە لە سایلۆكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر ٢٠ سایلۆ و لە سلێمانیش ١٢ سایلۆی دیكە لە چوارچێوەی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنم دروستكراون و ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران.