سەردێر

“پارەی حەج لە هەرێم گرانكرا”

خەڵك-
سەرەڕای دیاری كردنی نرخی ئەنجامدانی فەریزەی حەج لەلایەن دەستەی بالای حەج و عومرەی عێراقەوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پارەی زیاتر دیاری كراوە و پەڕلەمانتارێكیش دەڵێت: “لە هەرێم دەیانەوێت بازرگانی بەم فەریزەیەشەوە بکەن”.

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “عێراق بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ 4200 دۆلاری دیاریكردووە، هەر كەسێكیش لە عێراقەوە دەڕوات، كورد بێت یان عەرەب یان هەر نەتەوەیەكی دیكە، هاووڵاتی عێراقیە و بە پاسپۆرتی عێراق گەشتی حەج دەكات”.

دەشڵێت: “دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لەبری كارئاسانی و گران نەكردنی باری سەرشانی خەڵك، وەك هەمیشە دەیانەوێت بازرگانیی بەم فەریزەیەشەوە بكەن و بڕی 500 دۆلار زیاتر لەو بەڕێزانە وەربگرن، كە ناویان دێتەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ واتە (٤٧٠٠) دۆلار”.

ئاشكراشی كردووە، “زۆر سەیرە ئەم لە دونیادا حكومەت پارە خەرجدەكات تا هاووڵاتییەكانی كەمترین بارگرانیی و خەرجی بكەوێتە سەرشانیان، كەچی لای ئێمە خواخوای قۆستنەوەی دەرفەتێكیانە تا پارەی زیاتر پەیدا بكەن، ئیتر شەرعی و قانونیە یان نا كێشەی ئەوان نیە”.

ئەو پەڕلەمانتارە جەختیشی كردۆتەوە، “بەڕاستی ئەمە عەیبەیە جیاوازی هەبێت لەنێوان پارەی فەریزەی حەج بۆ هاووڵاتییەكی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵ و هاووڵاتییەكی چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان”.

لای خۆشیەوە، غەریب ئەحمەد، پەڕلەمانتاری كورد لە بەغدا نووسراوێك ئاڕاستەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم دەكات و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارە زیادەیە دەكات، كە لە حاجییانی هەرێم وەردەگیرێت.

بەپێی گشتاندنێكی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق بۆ هەر كەسێك، كە دەچێت بۆ حەج بڕی 4200 دۆلاری لێ‌ وەردەگیرێت، بەڵام بەپێی گشتاندنێكی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەولێر بڕی پارەی حەج بە (4700) دۆلار دیاری كراوە.

No description available.