سەردێر

بەرەی مالكی دەستپێشخەرییەكی نوێ‌ دەخەنە بەردەم سەدر

خەڵك-

چوارچێوەی هەماهەنگی، كە لە (مالكی و عامری و خەزعەلی و حەكیم و عەبادی) پێهاتوون بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی یاسی وڵات و پێهێنانی حكومەتن دەستپێشخەرییەكی نوێ‌ دەخەنە بەردەم موقتەدا سەدر.

عەباس زاملی، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی فەتح لە پەڕلەمانی عێراق بۆ میدیا عێراقییەكان ڕایگەیاندووە، وەك لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە دەستپێشخەرییەكەدا گەورەترین پشك دەدەین بە ڕەوتی سەدر بۆ ئەوەی بنبەستی سیاسی كۆتایی بێت، چونكە دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەبەرژەوەندی عێراق و پڕۆسەی سیاسیدا نییە.

ڕاشیگەیاندووە، ئامانج لە دەستپێشخەرییەكە بۆ لێكنزیكبوونەوەی بۆچوونە جیاوازەكانی نێو لایەنەكانی عێراقە و دەبێت پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی پێكهێنانی حكومەت

جەختیشی كردۆتەوە، بەهۆی گۆڕانكارییەكانی گۆڕەپانی سیاسی و قەیرانی چەقبەستوویی سیاسی و بودجە و یاساكانی تر لەڕووی داراییەوە، ناچار بوون پێكهێنانی حكومەتی نوێ خێراتر بكەن.

لای خۆشیەوە، عەلی فەتلاوی، سەركردەی باڵا لە چێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، دوای چەندین كۆبوونەوە لە پێکهێنانی حکومەتی تەوافوقی نزیکبوونەتەوە.

ئاشكرایكردووە، تەواوی لایەنەکان ئەو ڕاستییەیان بۆ ڕوونبووەتەوە، “هیچ حکومەتێک نایەتە ئاراوە و هیچ چارەسەرێک بەبێ ڕێککەوتن و تەوافوق نییە”.