سەردێر

دوو ناحیەی هەرێم مەترسی چۆڵبونیان لەسەرە

خەڵك-
بەهۆی كێشە و ململانێكانی نێوان توركیاو پەكەكە لەسنوری پارێزگای دهۆك هەردوو ناحیەی شیڵادزێ‌ و دێرەلوك مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.

فەھیم عەبدوڵڵا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆك ئاشكرایكردووە، بەهۆی ئاڵۆزیی‌و پێكدادانی چەكداریی توركیاو پەكەكە، تائێستا 380 گوند ئاوەدان نەبوونەو چۆڵكراون.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، هەر بەھۆی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا و ئاڵۆزییەكانی سەر سنوور، بەدرێژایی سنوور لەناوچەی سندی تا دەگاتە بەرواری باڵاو ناوچەی نێروە و ڕێكان ‌و دۆسكی ‌و گوندەكان بەتەواوەتی چۆڵكراون ‌و هەردوو ناحیەی شیڵادزێ ‌و دێرەلوكیش مەترسی چۆڵبوونیان هەیە.

بەوتەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك،”بەردەوام ئاماری چۆڵكردن‌و زیانەكانی شەڕی نێوان ھەردوولا گۆڕانكاریی بەسەردادێت ‌و ناوچەكە لەسەر ئاگردانێكە و بەردەوام شەڕو ئاژاوەی تێدایە”.

باس لە ئەوەش دەكات، ئێستا لەدەشتی زێ، كە ھەردوو ناحیەی دیرەلوك ‌و شیڵادزێ هەیە مەترسیان لەسەرەو لەسنووری قەزای ئاكرێش سنووری زێبارو دۆڵی نەھلە مەترسیان لەسەرە چۆڵبكرێن.