سەردێر

جەنگی سەر ئۆکراین و گەڕانەوە بۆ مێژوو

خەڵک-

هێرشی  رووسیا بۆسەر ئۆکراین پێی نایە مانگی چوارەمی، لەگەڵ بەردەوامیدان و پێداگریی مۆسکۆش بۆ دەستبەسرداگرتنی دۆنباسی ئۆکراین، هەتابێت هێرشەکەی چڕتر دەکاتەوە.

ئەم هێرشەی رووسیا پاش شکستهێنانی مۆسکۆ هات بە قایلکردنی ئۆکراین تا بێتە ژێر رکێف و فەرمانڕەوایی کۆشکی کرێملینەوە و لە دەرەنجامدا مۆسکۆ بڕیاری بەرپاکردنی جەنگ و داگیرکردنی ئۆکراینیدا بە زەبری هێز.

پێدەچێت رووسیا لە رووی سەربازییەوە لە ئەوپەڕی ئامادەباشی خۆیدا بووبێت لە دەستپێکی بەرپاکردنی جەنگەکەیدا، بە لەبەرچاوگرتنی چەند فاکتەرێك کە لە بەرژەوەندی مۆسکۆدا دەشکێتەوە، بەو پێیەی ڤلادیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لەم دواییەدا دانینا بە خراپیی بارودۆخی هێزەکانی وڵاتەکەی لە گۆڕەپانی جەنگدا لە بەرامبەر هێزەکانی رووسیادا، بەتایبەت لە دۆنباس،  هەربۆیە هانای بۆ ئەمریکا و رۆژئاوا برد تاوەکو کۆک و یەکگرتوو بن لەسەر پرسی پڕچەککردنی زیاتری سوپای وڵاتەکەی لە پێناو بەرگریکردن لە خاکەکەی.

لە بەرامبەردا، رووسیا پێداگرە لە خستنەگەڕی تەواوی هەوڵەکانی لە پێناو دەستبەسەرداگرتنی بەشی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و نیزی نییە بکشێتەوە.

پاش جەنگی دووەمی جیهانی، وڵاتە زلهێزەکانی جیهان شانبەشانی وڵاتە تازە پێشکەوتووەکان پێداگرییان کرد لەسەر گرنگیی قەدەغەکردن یاخود وەستاندنی دەستکاریکردنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە زەبری هێز و چەک.

بەو مەبەستە، دکتۆرە تانیشا فازاڵ، مامۆستا و پسپۆری زانستە سیاسییەکانی زانکۆی مینۆسۆتا لە ئەمریکا و نووسەری کتێبی (مردنی دەوڵەتەکان: سیاسەت و جوگرافیای داگیرکاری و لەخۆگرتن)، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوەلە گۆڤاری (فۆرین ئەفرێز)ی جیهانیدا و تێیدا دەڵێت “لە ساڵی 1816 تاوەکو 1945، بە شێوەیەکی گشتی هەر سێ ساڵ جارێک، وڵاتێک دیار نەدەما لە نەخشەی جیهانیدا، بە هۆکاری داگیرکاریی و بیانووی لەخۆگرتن و مافی دابەشکردنی خاکەکانی دەوروبەر”.

دکتۆرە فازاڵ دەڵێت “هەموو ئەو وڵاتانەش کە داگیر کراون و دیار نەماون لە نەخشەی جیهانیدا دراوسێی وڵاتە زلهێزەکان بوون یاخود لە خۆیان بەدەسەڵاتتر و بەهێزتر بوون”.

هەروەها روونیدەکاتەوە و دەڵێت “لە دوای دووەم جەنگی  جیهانییەوە بارودۆخ گۆراو وڵاتە زلهێزەکان چیدی نەیاندەتوانی بەو ئاسانییەی پێشوو وڵاتانی دراوسێیان داگیربکەن، ئەویش بە هۆکاری زۆری تێچوو و زیانی گیانی و دارایی ئەو جەنگی جیهانییەی ئەو کاتە و سەرهەڵدانی پرسی چەکی ناوەکی و نەبوونی بەرژەوەندی راستەوخۆ لە لایەن هەندێک وڵاتی زلهێزی جیهانەوە لە بەرپاکردنی جەنگ و هێرشی داگیرکاریدا، بەو شێوەیە لەو کاتەوە پرسی جیهانبینی سەریهەڵدا و زیاتر باڵی کێشا بەسەر دۆخەکەدا، ئەو پرسەی کە ئابووری وڵاتانی زلهێزی توندوتۆڵتر کرد بە تێچوویەکی زۆر کەمتر لەوەی جەنگەکان پێشکەشیان دەکردن”.

دکتۆرە فازاڵ لە درێژەی راپۆرتەکەیدا دەڵێت “راستە لە ساڵانی نێوان 1945 و 1990دا، داگیرکردنی خاکەکان بە شێوەیەکی رەها رانەوەستاوە، بەڵام هەمیشە ناکۆکییەکان بە گشتی پەیوەست بوون بە کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتانەوە بە بێ دووبارە دیاریکردنی سنووری نێوانیان، بۆ نمونە وەک یەکێتی سۆڤییەت کاتێک ویستی بچێتە خاکی ڤێتنام و کەمبۆدیا”.

هەرەوەک باس لە شەڕی نێوان عێراق و کوەیت دەکات و دەڵێت “هەوڵدانی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی 1990دا روونترین نمونەیە لە ئێستادا بۆ هەوڵی داگیرکردنی ئۆکراین لەلایەن رووسیاوە”.