سەردێر

ئەمساڵ لە ھەرێم بە سەرمایەی زیاتر لە 274 ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە پڕۆژە دراوە

خەڵك-
لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ھەرێمی كوردستان، بەسەرمایەی زیاتر لە 274 ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە 28 پڕۆژەی جۆراوجۆر دراوە.

سەربەست خدر، بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، لە 1/1/2022 تا 18/5/2022، دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان مۆڵەتی بە 28 پڕۆژەی جۆراوجۆر داوە، بە جۆرێك كە لە ھەولێر 12 پڕۆژە بە سەرمایەی 133 ملیۆن و 399ھەزار و 484 دۆلار و لەسەر ڕووبەری 130،3 دۆنم زەوی.

باس لە ئەوەش دەكات، لە سلێمانی 12 پڕۆژە بە گوژمەی 117 ملیۆن و 746 ھەزار و 957 دۆلار، ئەنجام دراوە. لە پارێزگای دھۆكیش دوو پڕۆژە بە گوژمەی 19 ملیۆن دۆلار لەسەر ڕووبەری 26.6 دۆنم زەوی ئەنجام دراوە.

بە وتەی سەربەست خدر، لە گەرمیان یەك پڕۆژە بە گوژمەی یەك ملیۆن و 974 ھەزار و 524 دۆلار لەسەر ڕووبەری 0،5 دۆنم زەوی ئەنجام دراوە. ھەروەھا لە ڕاپەڕین یەك پڕۆژە بە گوژمەی دوو ملیۆن و 45 ھەزار و 516 دۆلار لەسەر ڕووبەری چوار دۆنم زەوی ئەنجام دراوە.

دەشڵێت، كۆی گشتیی پارەی تەرخانكراو بۆ ئەو پرۆژانە دەكاتە 274 ملیۆن دۆلار و 166 ھەزار و 481 دۆلار.

باس لە ئەوەش دەكات، جۆری پڕۆژەكان بریتین لە، 11 پڕۆژەی بازرگانی و یەك پڕۆژەی بانك و یەك پڕۆژەی تەندروستی و هەشت پڕۆژەی پیشەسازی و چوار پڕۆژەی فێركردن و یەك پڕۆژەی كشتوكاڵ و یەك پڕۆژەی نیشتەجێبوون و یەك پڕۆژەی وەرزشی.